Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پرۆژە بڕیارێک دژی تێک تۆک پەسەند دەکات


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەیەکی بەرچاو بەرنووسێکی تایبەتی پەسەندکرد بۆ ناچارکردنی کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک هەتا تەواوی وەبەرهێنانەکانی لە خاوەنە چینییەکەی وەربگرێتەوە، یان ئەوەتا ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە ئەمەریکادا قەدەغە دەکرێت.

یاسا دانەرانی ئەمەریکا ئەو بەرنووسەیان بە 352 دەنگی ئا پەسەند کرد لەبەرامبەر 65 دەنگی نا. ئەم پەسەندکردنەش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا وەک هاوڕاییەکی دەگمەنی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەیر دەکرێت هاوکاتی ئەو دابەشبوونە سیاسییە بەرچاوەی لە واشنتن هەیە. لەو 65 ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە گەڵ پرۆژە بڕیارەکەدا نین، 50 ئەندامیان دیموکراتن و 15 ئەندامەکەی دیکە کۆمارین.

پەسەندکردنی ئەم بەرنووسە وەک پاشەکشەپێکردنێکی گەورەی ئاپی کۆمپانیای تیک تۆک دەبینرێت کە لەسەر ئاستی جیهاندا خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لەو ئاپەدا هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان؛ هەروەها بووەتە مایەی پشێوییەکی زۆریش بەهۆی ئەوەی خاوەندارێتی ئەم کۆمپانیایە لە وڵاتی چینە کە شییانی هەیە بکەوێتە ژێر هەژموونی پارتی کۆمۆنیستی چینەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی ئەم بەرنووسە دیارنییە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا چ بڕیارێکی لەسەر دەدرێت، لەو ڕوانگەیەوەی هەندێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان نیگەرانییان هەیە لەسەر گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە دژ بە تیک تۆک کە 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا.

سەرۆک بایدن، وەها چاوەڕوان دەکرێت ئەو بەرنووسە مۆر بکات ئەگەر چووە بەردەمی، کە ناوە فەرمییەکەی بریتییە لە (یاسای پاراستنی ئەمەریکاییەکان لەو ڕێوشێنانەی دەیانخاتە ژێر چاودێریی بیانییەوە" بەپێی لێدوانی کۆشکی سپی.

بەپێی ئەم بەرنووسە، پێویستە کۆمپانیای "بایت دانس" لە ماوەی 180 ڕۆژدا ئاپی تیک تۆک بفرۆشێت یان ئەوەتا لە ئەمەریکا لە تۆڕەکانی ئاپڵ و گوگڵدا دابەزاندنی ئاپی تیک تۆک قەدەغە دەکرێت.

لە بەرنووسەکەدا دەسەڵاتیش دراوە بە سەرۆکی ئەمەریکا هەتا ئاپی تیک تۆک بە مەترسی دابنێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات، ئەگەر لەژێر کۆنترۆڵی وڵاتێکدا بێت کە بە دوژمنی ئەمەریکا دادەنرێت.

ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویە ئەم هەڵمەتەی لە واشنتن هەیە دژی تیک تۆک وەک واقوڕمانێک بووە بۆ کارگێرانی کۆمپانیاکە، هەرچەندە پێشتر دڵنیاییان هەبوو چونکە لە مانگی ڕابردوودا سەرۆک بایدن ئەژمارێکی بۆ خۆی کردەوە هەتا لە ڕێگەی ئەو ئەژمارەشەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی خۆ بکات.

شۆو زی چیو، سەرۆکی کارگێڕی تیک تۆک لە واشنتن لە هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانیدایە بۆ ڕێگەگرتن لە قەدەغەکردنی تیک تۆک.

مایکڵ بیکەرمان، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای تیک تۆک بۆ کاروباری گشتی لە واشنتن، دەڵێت "ئەم دوا بەرنووسە بە خێراییەکی بێپێشینە براوەتە ئەنجومەنی نوێنەران و بەبێ دانیشتنێکی ئاشکرای وتووێژکردن بووە و ئەمەش جێی نیگەرانییەکی ڕژدی دەستورییە."

چین دەڵێت "ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا، بە خراپ دەگەڕێتەوە بۆسەر ئەمەریکا خۆی."

سەرچاوە/ فڕانس پرێس، ئەسیۆسێتد پرێس



XS
SM
MD
LG