Accessibility links

کۆمەڵگەی  مەدەنی هۆشداری دەدات لەمەڕ کەموکوڕییە گرنگەکانی ڕەشنووسی پەیماننامەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان


کۆمەڵگەی مەدەنی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات گۆڕانکاری لە پەیماننامەی جیهانی تاوانی ئەلیکترۆنیدا بکات، کە دەڵێن پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ناکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای مانگی دوودا لە نیویۆرک کۆبووەوە بۆ دانیشتنێکی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام وڵاتانی ئەندام نەیانتوانی ڕێکبکەون.

پەیماننامەی جیهانی تاوانی ئەلیکترۆنی لە سەرەتادا لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2017 دا پێشنیارکرا، ئەم پەیماننامەیە بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی لەسەر ئاستی جیهانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاری و هەراسانکردن لەسەر ئینتەرنێت.

بە شێوەیەکی گشتی بە پەیماننامەی تاوانی سایبەر ناسراوە، ئامانجی ئەوەیە یارمەتی بدات لە پێناسەکردنی چۆنیەتی وڵاتان لێکۆڵینەوە و تاوانباری بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی ئەلیکترۆنی بکەن.

بەڵام زۆرێک لە گروپەکانی مافی مەدەنی سەرنجیان ڕاکێشاوە بۆ شێوەی داڕشتنی بڕگەکانی پەیماننامەکە، کە دەڵێن زۆر فراوانە و لەوانەیە زیان بە توێژەران و ڕۆژنامەنووسان بگەیەنێت. هەندێک هۆشداری دەدەن کە وڵاتانی ئەندام لەوانەیە پەیماننامەکە بۆ سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین یان بە پاساوی چاودێریکردنی دەوڵەت بەکاربهێنن.

پێش دانیشتنەکە، نزیکەی 50 ڕێکخراو و پسپۆڕ، لەنێویاندا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و پێن نێودەوڵەتی (PEN International) ، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا سەرنجیان خستەسەر ئەو بڕگانەی کە ئەگەری کێشەیان هەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "پاراستن و سنووردارکردنی بەهێز و مانادار زۆر گرنگن بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی بڕگە پەیوەندیدارەکانی پەیماننامەکە کە دەکرێت لەژێر بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنیدا بگیرێتەبەر."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوا لە شاندەکانی حکومەت دەکرێت "کەموکوڕییە گرنگەکان" لە بەرنووسەکەدا چارەسەربکرێت.

چاکسازییە پێشنیارکراوەکان بریتین لە تەسککردنەوەی مەودای تایبەت بۆ پێناسەکردنی تاوانەکانی پشتبەستن بە ئینتەرنێت و دڵنیابوون لەوەی کە خەڵک یان قەوارە لاوازەکان دادگایی ناکرێن بەهۆی "چالاکییە یاساییەکان" یان "چالاکییەکانی بەرژەوەندی گشتی."

باربۆرا بوکۆڤسکا، بەڕێوەبەری باڵای یاسا و سیاسەت لە گروپی مافەکانی مرۆڤی ماددەی 19 (Article 19) دەڵێت ڕێکخراوەکەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی واژۆ کردووە بەهۆی کاریگەری جیهانی پەیماننامەکەوە لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی.

بوکۆڤسکا وتی "وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانن یاسای تاوانکاری و چاودێریکردنی خۆیان بنووسنەوە بە شێوەیەک کە مافەکانی مرۆڤ نەپارێزێت. یان ئەو وڵاتانەی کە یاسای تاوانی ئەلیکترۆنییان نییە، ڕێگەیان پێدەدرێت یاسای سنووردارکراو دابرێژن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە ماوەی پرۆسەی پێداچوونەوەی ڕێککەوتنەکەدا بڕگەکانی پەیوەندیدار بە چاودێری و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی چاودێریکردنە کە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ڕووسیا و چینەوە پاڵپشتی دەکرێت.

بوکۆڤسکا وتی" وڵاتان بەدوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێن بۆ زیادکردنی چاودێریکردن بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی."

چین و ڕووسیا تۆماری خراپی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندنیان هەیە. چاودێرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەڵگەیان لەسەر ئەوە هەیە کە چۆن ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان یاسا بەکاردەهێنن سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی و سیخوڕی بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانان و ڕەخنەگران.

ژمارەیەک لە وڵاتان یاسای تاوانی ئەلیکترۆنییان بەکارهێناوە بۆ دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان. بەپێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان یان CPJ، نێجیریا لە مانگی دوودا چوار ڕۆژنامەنووسی تۆمەتبار کرد بە "بەخراپ کارهێنانی ئەلیکترۆنی" پەیوەست بە ڕاپۆرتەکانیان دەربارەی تۆمەتەکانی ساختەکاری.

ئێران یەکەیەکی پۆلیسی ئەلیکترۆنی هەیە بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئینتەرنێت، و نیکاراگوا یاسای تاوانی ئەلیکترۆنی پەسەند کرد کە دەڵێت گوایە زانیاری هەڵە چارەسەر دەکات، بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن دەکرێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڕەخنەگران بەکاربهێنرێت.

ڕامان جیت سینگ چیما، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی جیهانی و ڕاوێژکاری باڵای نێودەوڵەتی بەرنامەی دەستڕاگەیشتنی ئێستا ( Access Now ) کە هەروەها بەیاننامەکەی واژۆ کردووە، دەڵێت دوایین ڕەشنووس لە دانوستانەکانی پێشوترەوە خراپتر بووە.

چیما وتی لەگەڵ ئەوەی ئەکسێس ناو تێدەگات کە چەند وڵاتێک دەیانەوێت جۆرێک لە ڕێککەوتنی یاسایی هەبێت لەسەر چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانی ئەلیکترۆنی و چۆنیەتی هاوکاریکردنی وڵاتان، پەیماننامەکە نابێت بارودۆخەکانی ئێستا خراپتر بکات یان زیان بە لایەنە لاوازەکان بگەیەنێت.

یەکێک لە گرنگترین ڕاسپاردەکان کە Access Now و ئەوانی تری کە پاڵپشتی دەکەن کۆمەڵێک بڕگەی ئاشکرایە کە پارێزگاری لە کردەوەکانی "نیازباشی" دەکات، وەک کاری توێژەرانی ئاسایش، ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان لە تاوانکردنیان.

چیما وتی پێویستە زمانی پەیماننامەکە ستانداردێکی بەهێز لەخۆ بگرێت بۆ مافی پاراستنی تایبەتمەندی لەژێر یاسای مافەکانی مرۆڤدا و بنەماکانی "پێویستی و یاسایی و گونجاوی" دەبێت بەسەر هەر هەڵوێستێکی حکومەتدا بەپێی پەیماننامەکە جێبەجێ بکرێت.

وتیشی لەگەڵ ئەوەی چەند وڵاتێک یاساکانی تاوانی ئەلیکترۆنی فراوان دەکەن یان دژی ڕۆژنامەنووسان بەکاریان دەهێنن، زۆر گرنگە کە بڕگەکانی پەیماننامەکە نەبنە یاسای نێودەوڵەتی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر ڕێککەوتنەکە پەسەند بکرێت، ئەوا Access Now پشتیوانی لەو وڵاتانە دەکات کە هەمواری دەکەن لە هەوڵێکدا بۆ "کەمکردنەوەی زیانەکان."

شایانی باسە نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا شێوەی کۆتایی داڕشتنی زمانی پەیماننامەکەی تەواو نەکردووە، و دەبێت لە کۆتایی ئەمساڵدا دووبارە لەسەر ئەم بابەتە کۆببنەوە.

وڵاتانی ئەندام بۆیان هەیە هەڵبژێرن کە پەیماننامەکە ئیمزا نەکەن یان پەسەندی نەکەن و دەتوانن زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەی گشتی بەکاربهێنن بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەکی نوێ.

ڕاپۆرتی مایا هەمینز- دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG