Accessibility links

یاسایەکی ویلایەتی ئۆریگەن لەسەر هەڵگرنی ماددە هۆشبەرەکان ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە


یاسایەکی ویلایەتی ئۆریگەن، بۆ یەکەم جار لە ئەمەریکا بە تاوان هەژمارکردنی هەڵگرتنی بڕێکی کەم لە ماددە هۆشبەرەکانی وەکو هێرۆین و کۆکاین لادەبات بە مەبەستی تیشک خستنەسەر چارەسەرکردنی ئالوودەبوون، ئەم ویلایەتە پیشکەوتنخوازە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە دوای بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری فێنتانیڵ لە شوێنە گشتیەکان و هەروەها زیادبوونی مردن بەهۆی ماددە هۆشبەرەکان لە نێوانیاندا منداڵانیش.

جۆن هۆرڤیک، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ڕاپرسی دی ئێچ ئێم (DHM Research) دەڵێت "بێ توانایی خەڵک بۆ بەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەیان بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە لە دەرەوە، فشارێکی زۆری لەسەر مێشکی خەڵکی شارەکان دروستکردووە".

هەروەها دەشڵێت "ئەوەش دیدگای خەڵکی زۆر گۆڕیوە سەبارەت بە ڕاوبۆچوونیان لەسەر یاسای ژمارە 110."

کاتێک یاساکە سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن 58%ی دەنگدەرانی ئۆریگەن پەسەندکرا، پشتیوانەکانی یاسای 110یان وەک ڕێبازێکی شۆڕشگێڕانە دەبینی کە لە ڕێگای کەمکردنەوەی سزاکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ئالۆدەبوون کەم بکاتەوە و دەرفەتێک بێت بۆ چاکبوونەوە و هاتنەوە سەرخۆ.

بەڵام تەنانەت یاسادانەرانە باڵاکانی دیموکراتەکانیش کە پشتیوانیان لەو یاسایە کردبوو، کە پێدەچێت بابەتێکی سەرەکی دانیشتنی داهاتووی یاسادانەران بێت، دەڵێن ئێستا کراوەن بۆ گۆرینی دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو ئەو ویلایەتانەی کە ژمارەکەیان ڕاگەیاندووە.

چەرخی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بێ ماڵی کە پەیوەندی بە بەکارهێنانی فێنتانیلەوە هەیە لە پۆرتلاند زۆر بەرچاوە ، کەبووەتە شتێکی ئاسایی خەڵک دەبینرێت بە ڕۆژی ڕووناک لە شەقامە قەرەباڵغەکانی شاردا بەکاری دەهێنن.

کەیت لێبیر هاوسەرۆکی کۆمیتەی یاسادانانی هاوبەشی نوێ کە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵودەبوون دروستکراوە لەو بارەیەوە وتی "بیر لە هەموو بژاردەیەک دەکرێتەوە".

وتیشی "پێویستە شتێک بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی شەقامەکانمان سەلامتتر بن و ژیانی خەڵک ڕزگار دەکەین."

یاسای 110 داهاتی باجی بەنگ و موخەدەراتی ویلایەتەکەی بۆ خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرکردنی ماددە هۆشبەرەکان ئاڕاستە کردووە لە کاتێکدا کە خاوەندارێتی و بەکارهێنانی کەسی بۆ بڕێکی دەرمانی نایاسایی بە تاوان لە قەڵەم نادات. بۆ نموونە هەڵگرتنی کەمتر لە یەک گرام هێرۆین ، تەنها تا 100 دۆلار سزادەدرێت.

ئەو کەسانەی بە بڕێکی کەمی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر دەکرێن دەتوانن لە ماوەی 45 ڕۆژدا ئەو تۆمەتە ڕەت بکەنەوە بە پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی 24 کاتژمێرەوە بۆ تەواوکردنی پشکنینی ماددەی هۆشبەر، بەڵام ئەوانەی پشکنین ناکەن سزا نادرێن لە بەر ئەوەی پارەی سزاکە نادەن. لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە لە مانگی دووی 2021دا، تەنها 1٪ی ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەڵگرتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە لایەن پۆلیسەوە ڕاگیراون لە ڕێگەی هێڵی گەرمەوە داوای یارمەتییان کردووە.

ڕەخنەگرانی یاساکە دەڵێن ئەمە نابێتە هۆکار بۆ هەوڵی چارەسەرکردنی ئالودەبوون.

یاسادانەرانی کۆماری داوایان لە فەرمانڕەوای دیموکراتەکان تینا کۆتێک کردووە کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێش ئەوەی ئەنجومەنی یاسادانان لە مانگی دوو کۆببێتەوە. ئەوان پێشنیاری سزای توندتریان کردووە بۆ هەڵگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی تری پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە، وەک چارەسەری زۆرەملیی و کەمکردنەوەی بەربەستەکانی گلدانەوەی خەڵکی کە لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەردان لە دامودەزگاکانی وەک نەخۆشخانەکان ئەگەر مەترسی بۆ خۆیان یان کەسانی دیکە دروست بکەن.

کۆمەڵێک نوێنەری کۆماری ویلایەتەکە لە نامەیەکدا بۆ کۆتێک نوسویانە "پێویستە چارەسەر بسەپێندرێت نەک پێشنیار بکرێت. "

بەرپرسانی چەسپاندنی یاسا کە لەبەردەم لیژنەی یاسادانانی نوێدا گەواهیان داوە لەسەر ماددەی هۆشبەر پێشنیاری دووبارە دانانی خاوەندارێتی ماددە هۆشبەرەکانیان وەک هەڵەیەک کردووە کە سزاکەی بگاتە ساڵێک زیندانیکردن یان سزای دارایی بە بڕی 6250 دۆلار.

بەڵام زانیارییەکان بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵانەی نیشتمانی لەسەر بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و تەندروستی، ئەوە نیشان دەدەن کە دەیان ساڵە بە تۆمەتبارکردنی خاوەندارێتی ماددەی هۆشبەر ڕێگری لە بەکارهێنانی نەکردووە. لە ساڵی 2022 دا، نزیکەی 25 ملیۆن ئەمەریکایی، کە نزیکەی 8٪ی دانیشتوان پێکدەهێنێت، ڕاپۆرتیان داوە کە لە ساڵی پێشوودا ماددەی نایاساییان بەکارهێناوە جگە لە ماریوانا.

هەندێک لە یاسادانەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە تیشک بخەنە سەر تاوانبارکردنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەجیاتی هەڵگرتنی ماددەکە. ئەلێکس کرایت، یاریدەدەری پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی باکووری کەنتاکی و بەڕێوەبەری سەنتەری یاسا و سیاسەتی ماددەی هۆشبەر دەڵێت ئەم جۆرە ڕێگایە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شەقامەکانی شارەکاندا، بەڵام هۆکاری سەرەکی چارەسەر ناکات کە بە زۆری بە: بێ ماڵی دادەنرێت.

بەڵام بە گوێرەی خەمڵاندنی سەنتەرەکانی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان ، لەنێو ئەو ویلایەتانەی کە ڕاپۆرتی داتاکانیان داوە، ئۆریگەن بەرزترین ڕێژەی مردنی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە هەبووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2019 بۆ ماوەی 12 مانگ کە لە 30 ی مانگی 6 کۆتایی دێت، ئەمەش 13 هێندەی مردنە لە 84 مردنەوە بۆ زیاتر لە 1100 کەس.

داتاکانی نیشانی دەدات ویلایەتی واشنتنی دراوسێی دوای ئۆریگەنە کە ژمارەی مردن بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حەوت هێندە زیادی کردووە کاتێک لەگەڵ هەمان ماوەدا بەراورد دەکرێت.

لە سەر ئاستی وڵاتیشدا، مردن بەهۆی بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی ماددەی هۆشبەری دەستکرد، وەک فێنتانیل لەو ماوەیەدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە. نزیکەی دوو لەسەر سێی هەموو ژەمە کوشندەکان لە ئەمەریکا لە ماوەی 12 مانگدا بەهۆی ماددەی هۆشبەری دەستکردبووە.

XS
SM
MD
LG