Accessibility links

زیرەکی دەستکرد مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ 10 ساڵ پێش تووشبوون پێشبینی دەکات


توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت 10 ساڵ زووتر ڕوودانی جەڵتەی دڵ لە کەسێدا پێشبینی بکات و دەستنیشانی بکات کە ئایا کەسێک مەترسی تووشبوونی بەو نەخۆشییە لەسەرە یان نا.

توێژینەوەکە کە لەلایەن دامەزراوەی دڵی بەریتانیاوە ئەنجامدراوە و لە کۆبوونەوە زانستییەکانی ئەنجومەنی دڵی ئەمەریکا لە شاری فیلادلفیا پێشکەشکراوە، باس لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد دەکات لە زیادکردنی وردبینی سی تی سکەنی دڵدا و دەڵێت توێژینەوەکە دەریخستووە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بە دروستی پێشبینی هەزاران جەڵتەی دڵ بکات.

پرۆفیسۆر خارالامبۆس ئەنتۆنیادیس سەرۆکی دامەزراوەی دڵی بەریتانیا و بەڕێوەبەری سەنتەری وێنەگرتنی زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند "توێژینەوەکە دەریخستووە هەندێک لەو نەخۆشانەی کە بە ئازاری سنگەوە دەچنە نەخۆشخانە و دواتر دەنێردرێنەوە ماڵەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی بە دەمارەکانیانەوە دیار نەبێت، لە ماوەی دە ساڵدا مەترسییەکی زۆریان لەسەرە تووشی جەڵتەی دڵ ببن."

دەشڵێت "لەم توێژینەوەیەدا نیشانمان داوە کە پێشکەشکردنی وێنەیەک بە وردەکارییەوە لەو کەسانەی کە مەترسیان لەسەرە، چۆن دەتوانێت یارمەتی پزیشکەکان دەدات لە چارەسەرکردنی زۆرێک لەو کەسانەی ڕووبەڕووی نەخۆشی دڵن."

لە بەریتانیا ساڵانە نزیکەی 350 هەزار کەس پشکنینی سی تی سکەنیان بۆ دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی دڵی ئەو وڵاتە،، بە تێپەڕبوونی کات بەشێکی زۆریان بەهۆی تەسکبوونەوەی بچووکی دمارەکانی دڵیانەوە کە لە وێنەکاندا دەستنیشاننەکراوەوە، تووشی جەڵتەی دڵ دەبن و گیان لەدەست دەدەن.

توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە توێژینەوەکەیاندا داتای زیاتر لە 40 هەزار نەخۆشیان لە هەشت نەخۆشخانەی جیاوازی بەریتانیا شیکردوەتەوە کە بە شێوەیەکی ڕۆتینی سی تی سکەنیان بۆ کراوە. ئەوان ئامێری زیرەکی دەستکردیان لەسەر 3393 نەخۆش بۆ ماوەی نزیکەی هەشت ساڵ تاقیکردوەتەوە و ئەنجامەکان دەریانخستوە کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت بە وردی پێشبینی مەترسی جەڵتەی دڵ بکات.

دەستەی توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان دەرخەری تەسکبوونەوەی بەرچاوی خوێنبەرەکانیان بووە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاتر بووە، بەڵام زیاتر لەوانیش ئەو نەخۆشانەی کە هیچ تەسکبوونەوەی بەرچاویان لە خوێنبەرەکانیادا نەبووە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ لە داهاتوودا هەبووە کە لە هەندێک حاڵەتدا کوشندە بووە.

توێژەران دەڵێن هیوادارین ئەم تەکنەلۆژیایە لە کۆتاییدا لە سەرانسەری سیستەمی تەندروستی بەریتانیا جێگیر بکرێت و یارمەتی ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران کەس بدات کە ڕەنگە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەست بدەن.

XS
SM
MD
LG