Accessibility links

ئەمەریکا یەکەم ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی چیکۆنگونیا پەسەند دەکات 


دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە یەکەمین ڤاکسینی جیهانیان بۆ دەرمانی چیکۆنگونیا پەسەند کرد، کە ڤایرۆسێکە بەهۆی پێوەدانی مێشوولەوە بڵاودەبێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان بە "پەرەسەندنی مەترسییەکی تەندروستی جیهانی" ناودێری دەکەن.

FDA ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینەکە لەلایەن کۆمپانیای ڤالنێڤای ئەوروپاوە پەرەی پێدراوە و لەژێر ناوی ئیکسچیکدا دەخرێتە بازاڕەوە، بۆ ئەو کەسانە پەسەندکراوە کە تەمەنیان لە 18 ساڵ و سەرووترە و مەترسی بەرکەوتنیان زیاترە.

پێشبینی دەکرێت پەسەند کردنی ئیکسچیک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکاوە خێراتر بێت لە بڵاوکردنەوەی ڤاکسینەکە لەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە زۆر تەشەنەی کردووە.

چیکۆنگونیا کە دەبێتە هۆی تا و ئازارێکی زۆری جومگەکان، بە گشتی لە ناوچە گەرمەکانی ئافریکا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەشێک لە ئەمەریکا دەبینرێت.

بەرێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا دەڵێت، ڤایرۆسی چیکۆنگونیا لە ناوچە جوگرافییە نوێیەکاندا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە لەسەر ئاستی جیهان، ئاماژە بەوە دەکات لە پانزە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج ملیۆن حاڵەت تۆمارکراوە.

پیتەر مارکس، بەرپرسی باڵای FDA دەڵێت، "تووشبوون بە ڤایرۆسی چیکۆنگونیا دەبێتە هۆی نەخۆشییەکی توند و کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەتایبەتی بۆ بە ساڵاچوان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکی درێژخایانیان هەیە".

کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە هەندێک جار دەشێت بۆ چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێکیش بخایەنێت، بەڵام ڤایرۆسەکە بە دەگمەن کوشندە دەبێت. لە ئێستادا هیچ دەرمانێکی تایبەت نییە بۆ چارەسەرکردنی چیکۆنگونیا، جگە لە دەرمانە باوەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تا.

لە نەبوونی چارەسەری خۆپارێزیدا، تا ئێستا تاکە ڕێگە بۆ پاراستن لە هەوکردن خۆ بە دوور گرتن بووە لە مێشوولە پێوەدان.

ڤاکسینەکە بە یەک ژمی دەرزی لێدەدرێت و وەشانێکی زیندوو و لاوازی ڤایرۆسی چیکۆنگونیا لەخۆدەگرێت، وەک ڤاکسینی دیکەی ئاسایی.

دوو تاقیکردنەوەی پزیشکی لە ئەمەریکای باکوور لەسەر 3500 کەس ئەنجامدرا. سەرئێشە، ماندوێتی، ئازاری ماسولکە و جومگەکان، تا و سکچوون بە شێوەیەکی باو کاریگەری لاوەکی ڕاگەیندراوون.

هەندێک لەو کەسانەی ڤاکسینەکەیان تاقیکردووەتەوە کاردانەوەی نەرێنی هاوشێوەی چیکۆنگونیایان هەبوو کە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ یان زیاتر بەردەوام بوو.

چیکۆنگونیا دەکرێت لە کەسێکی دووگیانەوە بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی کە لەدایک نەبووە، ڤایرۆسەکەش دەتوانێت کوشندەبێت بۆ منداڵە تازە لە دایکبووەکان.

FDA لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا نازانرێت ئایا ڤایرۆسی ڤاکسینەکە دەتوانێت لە دایکەوە بۆ منداڵ لە سکی دایکیدا بگوازرێتەوە، یان ڤاکسینەکە دەتوانێت کاریگەری زیانبەخش لەسەر منداڵە تازە لە دایکبووەکان دا دروست بکات یان نا.

لەو کاتەوەی کە چیکونگونیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1952 لە تانزانیا دەست نیشان کرا، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە زیاتر لە 110 وڵاتدا تۆمارکراوە.

شارەزایانی تەندروستی گشتی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە چیکونگونیا ڕەنگە لە داهاتوودا پەتایەکی مەترسیداری لێ دروست ببێت، چونکە گۆڕانی کەش وهەوا وا بکات مێشوولەکان لە ناوچەی نوێدا بڵاو ببنەوە.

هەروەها داواکارییەک بۆ ڕێگەدان لەلایەن ڤالنێڤا لە دەزگای دەرمانی ئەوروپی (EMA) تۆمارکراوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG