Accessibility links

مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو


هاوکاتی ساڵیادی ژینا ئەمینی، شارەکانی کوردستان دەستیان دایە مانگرتنی گشتی و دوکان و بازاڕەکانیان داخست، ئەمەش لە کاتێکدا کە بە گوێرەی هەواڵەکان بەرپرسانی ئاسایشی ئێران هەڕەشەیەکی زۆریان لە خاوەن پیشەکان کردبوو بۆ دانەخستنی بازاڕەکان.

هەندێ لە سەرچاوە هەواڵییەکان، لەوانە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێنە و ڤیدیۆی مانگرتنی بەرفراوانی بازاڕەکانی لە بەشێک لە شارەکانی کوردستانی وەک سنە، دیواندەرە و بانە بڵاو کردووەتەوە کە بە بۆنەی ساڵیادەکەی ژیناوە دەستیان داوەتێ.

بە پێی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوزیش، هێزەکانی ئاسایش دەیان بنەماڵەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوویان لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز دەستبەسەر کردووە کاتێک ویستویانە بۆ ئامادەبوون لەسەر گۆڕی کوژراوەکان بڕوەنە سەقز و بوکان.

هەنگاو ناوی شەش دایکی ئەو قوربانیانەی بڵاوکردوەتەوە کە لە کاتی گەڕانەوەیان لە سەقزەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو وێنە و گرتە ڤێدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە چەند شەقامێکی شارەکانی ئێران خۆپیشاندان کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە هێزەکانی ئاسایشی ئێران لە گەڕەکی نەوبەهاری شاری کرماشان تەقەیان لە گردبوونەوەی هاووڵاتییان کردووە و تۆڕی مافی مرۆڤی هەنگاویش دەڵێت لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان ژنێک بریندار بووە.

هەروەها ئەو رێکخراوە هەواڵیانە باس لەوە دەکەن کە کەسێک بە ناوی فەردین جەعفەری، خەڵکی سەقز بە هۆی تەقەی هیزەکانی ئاسایشەوە بریندار کراوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."

هەنگاو بڵاویکردوەتەوە کە فەردین جەعفەری لە ڕێگای سەقز بەرەو بانە و لە نزیک گۆڕستانی ئایچی کە شوێنی ناشتنی ژینایە، "تەقە لە سەری" کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

XS
SM
MD
LG