Accessibility links

ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە شارەکانی کوردستان لە ساڵیادی ژینا بەرز دەبێتەوە


هیزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە دوبارە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵیادی ژینادا چەند کەسێکیان لە شارەکانی کوردستان لە ئێران دەستبەسەر کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی هەرانا کە ئاژانسێکی هەواڵی گرووپێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤن لە ئێران، مەهدی ڕەمەزانی جێگری ئەمنی پارێزگاری کوردستان، ڕۆژی شەممە 16ی مانگی نۆ ڕایگەیاند کە چەند کەسێک لەو پارێزگایە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لەحزبە کوردییەکاندا" دەستبەسەر کراون.

ئەو بەپرسەی ئێران رایگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان لە شوێنە گشتیەکانی وەک دوکان و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکان وێنە و ڤیدیۆیان هەڵگرتوەتەوە.

مەهدی ڕەمەزانی لەبارەی ژمارە و ناوی دەستبەسەرکراوەکان و شوێنی دەستبەسەرکردنیان و پەیوەندی نێوان وێنەگرتنی شوێنە گشتییەکان و تۆمەتبارکردنیان بە "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان" ڕوونکردنەوەی زیاتری نەخستوەتەڕوو.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دەیان کەس بە تۆمەتی ئاسایشی دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵیکدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئەو ئامارانەی کۆی کردوەتەوە، تەنها لە ماوەی 8 رۆژی رابردوودا لانیکەم 80 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی هەرانا، حکومەتی ئێران لە ماوەی 50 ڕۆژی ڕابروودا لانیکەم 292 خۆپیشاندەر و چالاکوانی مەدەنی دەستگیرکردووە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(Human Rights Watch) لە راپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی 15ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، دەلێت بەرپرسانی ئێران لەسروبەندی ساڵیادی ژینادا سەرکوتکارییەکانییانی دژی کۆمەڵگەی سڤیل زیادکردووە و داوای لەسەرجەم نێردەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە ماوەی کۆبوونەوەی گشتی ڕابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیاندا باس لە دۆخی نالەباری چالاکوانانی ناو ئێران بکەن و بیکەن بە بابەتی سەرەکی خۆیان لەو کۆبوونەوانەدا.

XS
SM
MD
LG