Accessibility links

پارێزەرێک لە تاران بۆ VOA: ئیتلاعات هەڕەشەی دەستگیرکردنی براکەی ژینا ئەمینی کردووە


ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان ڕایدەگەیەنن، ئێران لە ساڵیادی ژینا ئەمینیدا فشارەکانی لەسەر هاوڵاتیانی کورد لە تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران زیاد کردووە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیشی دەستگیرکردووە، ئەمە سەرەڕای فشارهێنان بۆ سەر خێزانی ژینا ئەمینی.

شەوبۆ خزری پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە تارانەوە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرەڕای فشارەکانی ئێران خەڵک سورن لەسەر ئەوەی ساڵیادی ژینا بکرێتەوە. خێزانەکەشی جەخت لە ئەنجامدانی یادەکە دەکەنەوە."

دەشڵێت،"چەند ڕۆژێک پێش ئێشتا باوکی ژینا لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگکرابوو وە هەڕەشەیان کردبوو، 'ئەگەر ساڵیادی ژینا بکرێت، کوڕە بچوکەکەتان بەناوی ئەشکان دەستگیر دەکەین، 'کە دەکاتە برای ژینا. هەرچەندە هەڕەشە هەیە بەڵام پێدەچێت ساڵیادەکە بکرێت."

لەگەڵ دەنگۆکان بۆ کۆبوونەوەی جەماوەری فراوان، هاوکات چاودێران دەڵێن هێزەکانی ڕژێم لە تەواوی ئێران و بەتایبەت شارە کوردییەکان جموجۆڵی سەربازییان فراوان کردووە.

هادی ڕەسوڵزادە، وتەبێژی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیان کەس لە شارە کوردییەکان دەستگیرکراون و "تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەستگیرکراون، بەڵام ئێمە 67 کەسمان بۆ پشتڕاستکراوەتەوە، زۆرینەیان ناتوانن ئاشکرای بکەن کە دەستگیرکراوە دەترسن ئازاد نەکرێن، ژمارەیەکی زۆریش هەڕەشەیان لێکراوە ئاشکرای نەکەن کە دەستگیرکراون."

وتیشی،"لە سەرتاسەری ئێران کۆمەڵگا بە سەربازگە کراوە، بە تایبەت شارەکانی نزیکی سەقز وەکو بۆکان، سەقز، بیجاڕ، مەهاباد و دیواندەرە، ئەو شارانەی کە نزیکن لە سەقزەوە زیاتر چاودێری دەکرێن، درۆن و فڕۆکە بەسەر شارەکا ندا دەسوڕێتەوە بۆ چاودێری کردنی دۆخەکە."

ئەمڕۆ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت کە ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 29 کەس و لایەنی دەستنیشان کردووە کە تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو دوای مەرگی ژینای 22 ساڵان لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا.

وەزارەتەکە هەروەها دەڵێت سزاکانی پەیوەندییان بە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژێمەکەوە هەیە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و سنوردارکردنی ئینتەرنێت.

لە هەمانکاتدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ جەخت لە هەڵوێستە "سەرکوتکاریەکانی" ڕژێمی ئێران دەکەنەوە سەبارەت بە دەستگیرکردن و فشار خسنە سەر هاوڵاتیانی ئێران.

ڕێکخراوەکە دەڵێت،" بەرپرسانی ئێران سەرکوتکارییەکانییان دژی کۆمەڵگەی سڤیل زیادکردووە، لە کاتێکدا کە ساڵیادی یەکەمی مەرگی مەهسا ' ژینا ' ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا نزیک دەبێتەوە، کە بە دوای خۆیدا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە وڵاتەکەدا هێنا."

هادی ڕە سوڵزادە لە ڕێکخراوی هانا دەڵێت، "خاوەن دوکان و بازاڕەکان بەشێکیان دەستگیرکراون و هەڕەشەیان لێکراوە بۆ ئەوەی دوکانەکانیان دانەخەن لە ساڵیادەکەدا. ئەو کەسانەی پێشتر دەستگیرکراون هەڕەشەیان لێکراوە، یان ئەوانەی هاتووچۆی ماڵی قوربانیەکانیان کردوە، هەموانیان خستۆتە شێر فشارەوە بۆئەوەی ئەم ساڵیادە نەکرێتەوە، بەڵام پێناچێت خەڵک چۆک دابدات و یادەکە دەکەنەوە."

هەرچەندە فشارەکانی ئێران زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە، هاوشانی شارە کوردیەکان ئێران هێزێکی زۆری ئەمنی لە گەڕەک و شوێنەگشتیەکانی تارانی پایتەخت بڵاو کردۆتەوە و لەسەر پرسی حیجابیش یاساکانی توند کردۆتەوە. بە پێی قسەی شەوبۆ خزری، هەرکەس پەیوەستی حیجاب نەبێ تدەستگیردەکرێت.

شەوبۆ خزری ڕایگەیاند،"ماوەیەکە بارودۆخ شێواوە، لە تاران و شارە کوردیەکان هێزەکان جێگیرکراون، بە تایبەت لە تاران جێگیرکراون، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەستگیرکراوە تا خەڵک لە مالەکانیان نەیەنە دەرەوە بۆ ساڵیادەکە."

دەشڵێت،"مانگێکە ئێران ئامادەکاری بۆ سەرکوتکردنی ئەگەری هەر خۆپیشاندانێک دەکات لە ئێران. ئەو کەسانەی چالاکوانن سیاسی یان مەدەنی دەستگیرکراون، هەڕەشەیان لێکراوە کە هیچ نەکەن بۆ ساڵیادەکە."

ڕاشیگەیاند،"بە هۆی فشارەکانەوە پێناچیت لە شارەکانی تر یادەکە بکرێتەوە، ڕەنگە تەنیا لە شارە کوردیەکان بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00

XS
SM
MD
LG