Accessibility links

لە ساڵیادی ژینا ئەمینیدا ئەمەریکا هەڵوێست وەردەگریت


حکومەت و کۆنگرێسی ئەمەریکا لە یەکەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی و خوپیشاندانەکانی ئێران و کوردستانی ئێراندا، بە شێوەی جیاجیا هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ژینا بووە هۆی دروستبوونی"بزوتنەوەیەکی مێژوویی". بایدن دەڵێت " تەنیا ئێرانییەکان چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن، بەڵام ئەمریکا پابەندە بەوەی پشتیوانیان لێ بکات بۆ داکۆکیکردن لە داهاتووی خۆیان."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لەم یەکەمین ساڵیادەدا سزای نوێی سەپاند بەسەر 29 کەس و گروپی کۆماری ئیسلامی کە تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە پرۆژە یاسای مەهسای پەسەند کرد و بەڕێوبەرایەتی پابەند دەکات بە سزادانی بەرپرسانی ئێران لەوانە عەلی خامنەئیی.

دین فلیپس، ئەندامی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "لە کاتێکدا ژنان و کچان پێشەنگ بوون بۆ داواکردنی شکۆ و ڕێز و گۆڕانکاری، کەچی ڕژێم بە ڕێگەی سەرکوتی دڕندانە وەڵامی دانەوە، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 600 ئێرانی و دەستگیرکردنی نزیکی 22 هەزار کەس. ئەم جۆرە لە ڕەفتار و خراپ بەکارهێنانەی دەسەڵات هەرگیز ڕەوا نین و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرن."

بەشێکی زۆری کۆمارییەکانی کۆنگرێس نیگەرانن لەوەی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەشڵێن ڕژێمی ئێران سودی وەرگرتووە لە ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی کۆماری ئیسلامی لە لایەن بەڕێوبەرایەتی بایدنەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی 5 هاووڵاتی ئەمەریکی.

مایکڵ مەککۆڵ، ئەندامی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەک ئاماژەی پێکردووە، ئەو بڕیارەی بەڕێوبەراییەتییەکەی سەرۆک بایدن دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران ئاوەڵا دەکات و دەڵێت "ئێران خۆی هەڵدەکێشێت بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەوە. سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەو پارەیە بەو شێوەیە خەرج دەکات کە خۆی دەیەوێت، هەرچەندە دەبێت بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاربهێنرێت ."

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتاش درێژە دەدات بە هەڕەشەکردن لە دەنگە ناڕەزاکان و هەروەها ڕەخنەش دەگرن لەو هەنگاوەی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا.

بێهنام بن تالیبلو، لە نێوەندی داکۆکیکردن لە دیموکراتییەکان هاوڕایە و دەڵێت "پێدانەوەی ئەو پارانە دەشێت زەمینەیەک خۆشبکات وەک دەردەکەوێت بۆ تێگەیشتنێکی زۆر بچووک و نەنوسراویش و لەوانەشە ببێتە تێپەڕاندنێک بەسەر کۆنگرێسدا."

بێهنام بن تالیبلو
بێهنام بن تالیبلو

دەشڵێت "هەر وەک لە ڕاپۆرتەکانیشدا هاتووە دەبێتە گرفتیش لە ڕووی بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانەوە وەک لەوەی توانایی و ژێرخانی بەرنامە ناڕەوا ناوکییەکەی ئێران ڕابگرێت. "

بەڵام کۆشکی سپی بەرگری لە بڕیارەکەی دەکات و دەڵێت دوای ئەوەی ئێران پارەکانی پێدەگاتەوە چاودێرییەکی وردتری چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکان دەکات.

جۆن کێربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکایە و دەڵێت "بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران لە دەرەوە و هەروەها ئەو پشتیوانییەی لە تیرۆریزمی دەکات."

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی نۆی 2022 لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە ژێردەستی پۆلیسی ئاکار گیانی لەدەستدا. لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران دەڵێن ڕووداوەکە بەهۆی جەڵدەی دڵەوە بووە بەڵام خێزانەکەی دەڵێن ژینا لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی پۆلیسی ئێران کوژراوە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ژینا، شەپۆلی ناڕەزایی دەربڕین لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا دەستیان پێکرد، ناڕەزایی دەربڕینێک جیاواز لە هەموو ناڕەزاییەکی تری چل ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا.

XS
SM
MD
LG