Accessibility links

بارودۆخی شارەکانی کوردستان ڕۆژێک پێش ساڵیادی ژینا


ڕۆژێک پێش ساڵیادی ژینا، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ باس لە ڕەوانەکردنی بەرفراوانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بۆ شارەکانی کوردستان کە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوو بوون.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵیکدا بڵاویکردوەتەوە کە چەند سەرچاوەیەک لە ناوخۆی ئێران بەو ڕێکخراوەیان ڕاگەیاندووە کە "ئێران چەندین یەکەی تایبەتی سەربازی و هێزی سوپای پاسدارانی بۆ شارەکانی ورمێ، بوکان، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، کامیاران، جوانڕۆ، کرماشان، ئیسلام ئاباد، ئیلام و ئابدانان" ڕەوانە کردووە و لە ئیستادا کەشوهەوایەکی ئەمنی قورس بەسەر ئەو شارانەدا زاڵبووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها لە زاری ئەو سەرچاوانەوە نووسیوێتی "ڕۆژی هەینی، 15ی مانگی نۆ، سوپای پاسداران بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە هەموو دەروازەکانی شاری سەقز، ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە دانیشتووی شاری سەقز نین."

ئاژانسی هەواڵی کۆردپاش گرتە ڤیدیۆییەکی لە شاری سەقز بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا پیشانی دەدات حکومەت هێزە سەربازی زرێپۆشەکانی لە نزیک گۆڕستانی ئایچی ئەو شارە جێگیر کردووە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە گواستنەوەی بەرفراوانی ئەو هێزانە کە کەرەستەی سەربازی قورس و نیمچە قورسیش لە خۆ دەگرێت،نەخستوەتەڕوو.

هەروەها بە گوێرەی هەواڵی ئەو ڕێکخراوانە، دوابەدوای بانگەوازی چەند ڕۆژ پێش ئێستای لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی 16ی مانگی نۆ، دوکاندار و خاوەن پیشەکانی شارە جیاجیاکان بانگهێشتی دامودەزگاکانی ئاسایشی ئێران کراون و ئاگادارکراونەتەوە و هەڕەشەیان لێکراوە لەو ڕۆژەدا، دوکان و بازاڕەکانیان دانەخەن."

بەپێی ئەو ئامارەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم 50 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەققز، سنە، دیواندەرە، بانە، بوکان و شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاژانسی ھەواڵی هەرانا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی 50 ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 292 چالاکی مەدەنی لە سەرانسەری ئێران لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون.

XS
SM
MD
LG