Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ساڵیادی ژینا: بزوتنەوەی مێژوویی "ژن، ژیان، ئازادی" کاریگەری خستوەتە سەر ئێران و خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژێک پیش ساڵیادی ژینا لە بەیاننامەیەکدا بەم بۆنەیەوە دەڵێت "من و جیل، بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی مەهسا (ژینا) ئەمینی، بە یادی ئەو و هەموو ئەو هاووڵاتییە ئازایانەی ئێران کە بەهۆی داواکاری ئاشتیانەیان بۆ دیموکراسی و دەستبەرکردنی کەرامەتی سەرەتایی مرۆڤایەتی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون، بریندار بوون یان زیندانی کراون، بەشداری ئەم بۆنەیە دەکەین."

جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی هەینی،15ی مانگی نۆ بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت "مەهسا ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی مێژوویی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە کاریگەری خستوەتە سەر ئێران و خەڵک لە سەرانسەری جیهان کە ماندوو نەناسانە بەرگری لە یەکسانی جێندەری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت "وەک ساڵی ڕابردوو شایەتحاڵی ئەوە بووین کە بەسەرهاتی مەهسا بە گیانلەدەستدانی بەشێوەی دڕندانە کۆتایی نەهات و خەڵکی ئێران هێشتا پابەندن بەم بزووتنەوەیە و خەبات دەکەن بۆ ئایندەیەکی ئازاد و دێموکراتیک. خەڵکی ئێران خۆیان چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن، بەڵام ئەمەریکاش پابەندە بە پشتیوانیکردنیان."

بایدن جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی ئامرازەکان بۆ پشتیوانی لە توانای ئێرانییەکان بۆ بەرگریکردن لە داهاتوویان و گوتی "بەردەوام دەبین لە قسەکردن دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی جێندەری دژی ژنان و کچان لە هەموو شوێنێک، لەوانەش بەرگری لەو ژنانەی بەرگریکاری مافی مرۆڤ کە زۆرجار بەهۆی بەکارهێنانی دەنگی خۆیانەوە دەکرێنە ئامانج."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا وەڵامی داخوازییەکانی گەلی ئێرانی دایەوە و هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بێوێنەی ڕێکخست کە بووە هۆی دوورخستنەوەی حکوومەتی ئێران لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان و هەروەها دامەزراندنی دەستەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە لێکۆڵینەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران."

گوتیشی "ئێمە یارمەتی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مافی مرۆڤمان داوە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام لە ئەمەریکا" و "ئاسانکاریمان کردووە بۆ خەڵکی ئێران بۆ دەستگەیشتنیان بە ئینتەرنێت."

سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە کۆتاییدا گوتی "ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی گیان لەدەستدانی ناخ هەژێنی مەهسا دەکەینەوە کە پابەندبوونی خۆمان بە خەڵکی ئازای ئێران دووپات دەکەینەوە لە بەردەوامبوونیان لە ڕێگای مەهسادا. ئەوان بە خۆڕاگری و ئیرادەیان ئیلهامبەخشن بۆ جیهان و لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لەگەڵیانداین."

XS
SM
MD
LG