Accessibility links

بەریتانیا لە سروبەندی ساڵیادی ژینا سزا دەخاتە سەر چەند کاربەدەستێکی ئێران


جەیمس کلیڤەرلی- وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
جەیمس کلیڤەرلی- وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، حکومەتی بەریتانیا سزا بەسەر چوار بەرپرس و کۆمپانیایەکی سەر بە حکوومەتی ئێران دەسەپێنێت.

عەلیرەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانی تاران، محەمەد مێهدی ئیسماعیلی، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، محەممەد هاشمی، جێگری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و سەعید مۆنتەزرولەمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ئێران (فەراجا) ئەو چوار بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە بەریتانیا لە ڕۆژی هەینی 15ی مانگی نۆ سزای بەسەریاندا سەپاند.

جگە لەو بەرپرسانە، کۆمپانیای ئەبر ئارڤان(Abr Arvan) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باس لەوە کراوە کە کۆمپانیای ئەبر ئارڤان وەک دابینکەرێکی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئەو تەکنۆلۆژیایەی کە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران بەکاردەهێنرێت. ئەو کۆمپانیایە یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە پەرەپێدانی ئینترانێتی نیشتمانی دەکات بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی خەڵکی ئێران لە ئینتەرنێتی جیهانی.

جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند و گوتی "ساڵێک دوای گیانلەدەستدانی دڵتەزێنی مەهسا ئەمینی لەژێر دەستی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی ئێران، دەستخۆشی لە ئازایەتی ژنانی ئێران دەکەم بۆ درێژەدان بە خەبات لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادییە سەرەتاییەکاندا."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتیشی "سزاکانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە یاسا ستەمکارەکانی ئێران، پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە بەریتانیا و هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ژنانی ئێران".

بەریتانیا هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا، تا ئێستا سزای بەسەر 350 بەرپرس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندووە.

دوای کوژرانی مێهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار و سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی ئێران، وڵاتانی ڕۆژئاوا چەندین پاکێجی سزایان بەسەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی بەرپرس لە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران سەپاندووە.

سەرچاوە/ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG