Accessibility links

فیلمی باربی وەک دیاردەیەک لە ئەمەریکا


چەند ڕۆژێکە ڕەنگی پەمەیی لە زۆر شوێنی ئەمەریکا بە شێوەیەکی سەیر بووەتە باو، ئەمەش بە هۆی فیلمی باربییەوە کە بووەتە وێردی سەر زمانی خەڵک و زۆر کەس لەو وڵاتە فیلمەکە بە ئارامکەرەوەی ڕۆح ناودێری دەکەن. فیلمێکی ڕەنگاوڕەنگ و پڕ لە گۆرانی کە ڕەخنە لە دنیای پیاوسالاری دەگرێت.

فیلمی باربی لە دەرهێنانی گرێتا گێرویگە و لە 21ی مانگی حەوت لە سینەماکانی ئەمەریکا نمایشکرا. فیلمەکە ژمارەی پێوانەیی فرۆشتنی بلیتی لە سینەماکانی ئەمەریکا تێپەڕاندووە و لە 3 ڕۆژی یەکەمی بڵاوبوونەوەکەیدا تەنها لە ئەمەریکا بە های نزیکەی 162 ملیۆن دۆلار فرۆشی بووە.


فیلمی باربی نەک هەر لە لایەن هەڵسەنگێنەرانی فیلمی سینەمایی لەسەر ماڵپەڕی ڕاتێن تۆمەیتۆز ڕیزبەندی ئەرێنی 90%ی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەرگرتووە، بەڵکو لە لایەن 90%ی بینەرانیشەوە، بۆچوونی ئەرێنی وەرگرتووە و هەر ئەمەش وایکردووە کە فیلمەکە ببێتە جێگەی سەرنجی زۆر کەس و مشتومڕێکی زۆریشی لێبکەوێتەوە.

قۆناغەکانی بەرهەمێنانی فیلمی باربی ساڵانێکی زۆری خایاندووە. یەکەم جار لە مانگی نۆی ساڵی 2009 لەلایەن کۆمپانیای یونێڤێرساڵ پیکچەرزەوە بە دەرهێنانی لۆڕێنس مارک، بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە ڕاگەیاندرا ، بەڵام لە ساڵی 2014 پڕۆسەکانی بەرهەمێنانی لەگەڵ کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز دەستیپێکرد و دوای چەندین گۆڕانکاری سەبارەت بە نووسەر و دەرهێنەر و گۆڕینی کارکتەرەکان، سۆنی پیکچەرز مافی بەرهەمێنانەکەی لەدەستدا و لە کۆتاییدا لە مانگی دەی ساڵی 2018مافی بەرهەمهێنانەکەی درایە کۆمپانیای وارنەر برۆس و لە کۆتایشدا فیلمەکە لە 9 ی مانگی حەوتی ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریکا بۆ هەڵسەنگێنەران نمایشکرا.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی باربی دەکات کە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پرسیارەگەلێکی بوونگەرایی(وجودی) جیهانەکەی خۆی کە بە "باربی لاند" ناودێرکراوە بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ کارکترێکی پیاو بە ناوی بیچ کێن ئەو جیهانە جێدەهێڵن، وە لە گەشتێکدا بۆ ناسینی زیاتری خۆیان و دەورووبەرەکەیان دەڕوەنە جیهانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانەوە و لەوێ بۆیان دەردەکەوێت کە جیهانی ڕاستەقینە زۆر جیاوازە لەو جیهانەی ئەوان تێیدا ژیاون.

باربی و کێن لە جیهانی ڕاستەقینەدا دەبینن پێچەوانەی جیهانی پێشوویان، پیاوان ناوەندی هەموو شتێکن و باشترین کارەکانیان بەدەستەوەیە و ژنان بە گشتی لە ڕۆڵی پەراوێزیدا دەردەکەون و تەنها پاڵپشتی پیاوان دەکەن.

زۆرێک لە ڕەخنەگەران پێیان وایە مارگۆ ڕابی و ڕایان گاسڵینگ وەک کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، هاوسەنگییەکی تەواویان لە نێوان کۆمیدی و واقیعدا خولقاندووە و هەر بۆیەش بە باشترین بژاردە بۆ ڕۆڵی باربی و بیچ کێن ناودێریان دەکەن.

مارگۆ ڕابی و ڕایان گاسڵینگ کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی باربی
مارگۆ ڕابی و ڕایان گاسڵینگ کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمی باربی

هەرچەندە فیلمی باربی بۆ زۆرێک لە بینەران و هەڵسەنگێنەرانی سینەما جێگای سەرنج و ستایشە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لەلایەن زۆرێک لە کۆنەپارێزەرانی ئەمەریکاییەوە ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت و بە فیلمێکی لایەنگری بیری چەپ و دژە پیاو تۆمەتباری دەکەن.

بێن شەپیرۆ، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی کۆنەپارێز لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ڕێگای ڤیدیۆیەکی 43 خولەکییەوە لە یوتیوب بە تووڕەییەوە ڕەخنەی توندی لە فیلمەکە گرت.

ئەو شرۆڤەکارە لە ڤیدیۆکەیدا کە نزیکەی دوو ملیۆن جار بینراوە، بە توڕەییەوە دەڵێت پەیامی سەرەکی فیلمەکە ئەوەیە کە بڵێیت ژن و پیاو بەرامبەر یەک ڕاوەستاون و ڕقیان لە یەکترە و پێشبینی ئەوە دەکات کە فرۆشی فیلمی باربی بە خێرایی دادەبەزێت و هەروەها ئاگر لە بووکەڵەکانی باربی بەردەدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە فیلمەکە.

لە ڕەخنەیەکی دیکەدا مەت واڵش، پێشکەشکارێکی بەناوبانگی ئەمەریکا کە زیاتر وەک دەموچاوێکی دژ بە بزوتنەوەی هاوڕەگەزخوازان ناسراوە، فیلمی باربی بە "شەڕانگێزترین پڕوپاگەندەی فێمینیستی دژ بە پیاوان" ناودێر دەکات.

لە لایەکی دیکەوە تێد کروز سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، بەرهەمێنەرانی فیلمەکەی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە خۆیان لای پارتی کۆمۆنیستی چین خۆشەویست دەکەن بۆ ئەوەی پارە لە فرۆشتنی فیلمەکەیان لە چین بەدەستبهێنن.

شایانی باسە پێش بڵاوبوونەوەی فیلمەکە، سەرەتاکانی مانگی حەوت ڤێتنام رایگەیاندبوو کە ڕێگە نادات فیلمی باربی لە وڵاتەکەی بڵاوبکرێتەوە، ئەمەش وەک دەڵێن بەهۆی دیمەنێکەوە کە تیایدا سەروەری وڵاتەکەیان بەسەر ئاوە کەنارییەکانی دەریای باشووری چین دەخرێتە ژێر پرسیار.

ڤێتنام یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بانگەشەکانی چین سەبارەت بەوەی کە ئەو وڵاتە خاوەنی تەواوی دەریای باشووری چینە، قبوڵ ناکات.

سەرچاوەکان/ ماڵپەڕی ڕاتین تۆمەیتۆز/سوشال میدیا

XS
SM
MD
LG