Accessibility links

وتەبێژی موقتەدا سەدر بۆ دەنگی ئەمەریکا: دەستبەرداری حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نابین


وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەیان لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە دەکاتەوە، ئاماژە بەوەدەکات ئەوان پێداگیرن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، ڕەتیشی دەکاتەوە لە پێناو نزیک بوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی تر، دەستبەرداری حکومەتی زۆرینە بن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە بارەی بوونی دەستپێشخەری نوێ لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ دوای مانگی ڕەمەزان و دەربازکردنی عێراق لە چەقبەستنی سیاسی، دەڵێت"تا ئێستا دەستپێشخەری نیە لەلایەن سەماحەتی موقتەدا سەدرەوە، سەید موقتەدا 40 ڕۆژی وەکو دەرفەت دایە لایەنەکانی تر تا حکومەت پێکبهێنن و عێراق لە چەقبەستوویی ڕزگاری بێت، تەنانەت گەر کوتلەی سەدریش ببێتە ئۆپۆزسیۆن بە ڕۆحی وەرزشیەوە وەریدەگرین، بەڵام هەنگاونان بۆ نزیکبوونەوە لە لایەنەکانی تر لە پێناو دەستبەرداربوون لە حکومەتی زۆرینە لە ئارادا نیە، تا ئێستا سەید موقتەدا پێداگیرە لەسەر ئەوەی حکومەتی داهاتووی عێراق زۆرینە بێت، جا لەلایەن هەر لایەکەوە پێکبهێنرێت."

سەبارەت بەوەی ئایا ڕەوتی سەدر ڕازی دەبێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرێت و بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق دا نەکات، سەڵاح عوبەیدی گوتی"گەر لایەنەکانی تر، توانیان حکومەتی زۆرینە بەبێ ڕەوتی سەدر پێکبهێنن، پشت بەخوا کوتلەی سەدری دەبێتە ئۆپۆزسیۆن."

وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، دروستبوونی ساردی و نیگەرانی لە نێوان مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر ڕەتکردەوە، بەهۆی داخستنی موبایل لەلایەن سەدرەوە لە مانگی ڕەمەزان دا، گوتی"وەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بینیمان، ڕاگەیەنراو لەلایەن نوسینگەی بەڕێز بارزانیەوە دەرکراو ئەم هەواڵەی ڕەتکردەوە و بە درۆی خستەوە، پەیوەندی لە نێوان سەماحەتی موقتەدا سەدر و بەڕێز بارزانی تا ئێستا بەهێزە."

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بوونی فشاری لەسەر ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، گوتی"فشار هەیە لەلایەن لایەنی ناوخۆ و دەرەکیشەوە، بەڵام تا ئێستا هاوپەیمانێتیەکە بەردەوامە، پەیوەندی شەخسیش لە نێوانمان بەهێزە."

چاوەڕوان دەکرێت دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان، کێشمەکێشی سیاسی لە نێوان لایەنە عێراقیەکان سەرهەڵبداتەوە، کە تا ئێستا کێشەی نێوانیان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00

XS
SM
MD
LG