Accessibility links

ڕێزان شێخ دلێر : داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە


ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت"یەکێتی قۆناغە قورسەکانی بڕی و ئێستا لە خاڵی بەهێزدایە، پارتی لە خاڵی لاوازە، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئەزمونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە، یاخود پارتی داوای ئەوە دەکات کە یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت یەکێتی هیچ کاندیدێکی تری نیـیە تازە هەر د. بەرهەم کاندیدی ئێمەیە، دەشڵێت" بەداخەوە هەموو لایەنەکان بێدەنگ بوون لەوەی کەسێک کە پێشتر ئیقالە کراوە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە ببێتە سەرۆک کۆمار، ئەوە بە تەنها یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە سکاڵای لەسەر ئەو کاندیدە(هۆشیار زێباری) تۆمارکرد."



" ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەبوو"

ڕێزان شێخ دلێر
ڕێزان شێخ دلێر

لە سەرەتای قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر "یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاتێک زانی ئەو ڕێککەوتنە کراوە، یەکێتی زۆر تەنها بوو هیچ حزبێکی سیاسی لەگەڵی نەبوو، بەڵام توانی بە هێزی خۆی و ئیرادەی خۆی کە ڕێگای دادگای فیدراڵی گرتەبەر کە هەر لە سەرەتاوە وتمان کاندیدکردنی هۆشیار زێباری ڕاست نیـیە، چونکە لە پەرلەمان ئیقالەکراوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەبوو."

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ جارێکی تر بکاتەوە، پێشتریش د. نوری تاڵەبانی لەسەر ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیارێکی نادەستورییە.


" ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو دادگای فیدراڵی بڕیار بدات، وە سەرۆک کۆماریش پرسیار لەو دادگایە بکات"

ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت " ئێمە هەموومان دەزانین سەرۆکی پەرلەمان کەسێکی بێ لایەن نیـیە بڕیارەکانی بە لایەنگری دەدات، هەتا کردنەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن نایاسایی بوو، وای بۆ دەچم لەم ڕۆژانەی ئایندەدا دادگای فیدراڵیش بڕیار لە بارەی ئەو بڕیارەوە بدات، چونکە پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ باسم خەشان تانەی لەو بڕیارەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەردەم دادگای فیدراڵی داوە، وە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش بۆ (ئیستفسار) ئەوە بکات(پرسیار لە دادگای فیدراڵی بکات لەسەر دەستوری بون یان نادەستوریبوونی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن جارێکی تر)، بەڵام دادگای فیدراڵی بێگومان وەڵامی دەبێت بۆ تانەی ئەو پەرلەمانتارە."



"ئەوان ئێستا لە خاڵی لاوازیدان و یەکێتی لە خاڵی بەهێزیدایە"

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتیشی " یەکێتی نیشتمانی کوردستان قۆناغە قورسەکانی تێپەڕاند، دوێنێ کە کۆتا ڕۆژ بوو پارتی خۆی ڕایگەیاند، کاندیدی تریان نیـیە بۆ ئەو پۆستە باشترە بێن بە یەک کاندید بچینە پەرلەمان و دەنگ بە کاندیدەکەی یەکێتی بدەن، من دەڵێم پارتی دەبێت وابکات، چونکە دەنگ بە کێ دەدات؟ ئەوان ئێستا لە خاڵی لاوازیدان و یەکێتی لە خاڵی بەهێزیدایە، چونکە پارتی کاندیدەکەی لەبەر گەندەڵی دەرکراوە بۆیە باشترە بۆ خۆیان بێن دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن."


ڕێزان شێخ دلێر جەختیکردەوە " یەکێتی کاندیدەکەی خۆی ناگۆڕێت، وتی " کاندید بۆ بگۆڕین، هەر نامەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەم، چونکە خۆ کاندیدی ئێمە نیـیە بە تۆمەتی گەندەڵی دەرکرابێت، لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسیەوە سکاڵا لەسەر کاندیدی ئێمە تۆمارنەکراوە کە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا بڵێن پێشێلی دەستوری کردووە، هەتا ڕەنگە وەک یەکێتی ئێمە لە کاتی خۆیدا گـللەیی ئەوەشمان لێکردبێت کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەوەندەی گرنگی داوە بە لایەنە سیاسیەکانی تر نەهاتووە ئەوەندە گرنگی بدات بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان."



"داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە"

ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسی وتیشی" یەکێتی نیشتمانی لە خاڵی بەهێزدایە وە ئێمە نین کە یەکڕیزی کوردمان تێکدابێت، بۆیە داوا لە پارتی دەکەین بێت دەنگ بدات بە کاندیدەکەی ئێمە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئەزمونی هەیە، ئەگەر باسیش لەوە دەکەن کە هیچ بۆ کورد نەکراوە، خۆی هیچ لایەن و کەسێک حزبێکی سیاسی نەیتوانیووە چونکە لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق خۆی خراپە، یاخود پارتی داوای ئەوە دەکات کە یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت یەکێتی هیچ کاندیدێکی تری نیـیە تازە هەر د. بەرهەم کاندیدی ئێمەیە. "

دوێنێ بافڵ تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد، ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت " بە دڵنیایی بۆ پشتیوانیکردن لە د. بەرهەم ساڵح و بەدەستهێنانی دەنگی لایەنەکان بۆی ئەو سەردانەی کردووە. "



"بە تەنها یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە سکاڵای لەسەر تۆمارکرد "

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدی سەرۆک کۆمار، زێباری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕایگەیاند " ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردین ئەوە بوو کە هاوپەیمانەکانمان ڕۆڵیان هەبوو لەو بڕیارەی دادگا، بەبڕوای بەشێک لە چاودێران ئەم وتەی زێباری بە واتای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر بوو لەلایەن سێ پەرلەمانتاری یەکێتیەوە کە بووە هۆی بڕیارەکەی دادگا."

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت " بەداخەوە هەموو لایەنە سیاسیەکان بێدەنگ بوون لەوەی کەسێک بکرێتە سەرۆک کۆمار کە پێشتر لە پەرلەمانەوە ئیقالە کرابوو، بە تەنها یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و مافی خۆشمان بوو، لەبەر ئەوە ئێستا وەک حزبێکی بەهێز مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا دەکات."



" هەر بێدەنگ بوون لەسەر ئەوەی هیچ نەوترا واتای ئەوەی یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدەکەی خۆی"

ڕۆژی پێنجشەممە فازڵ، میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمڕۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی بۆ پرسی سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبنەوە. "


بەڵام ڕێزان شێخ دلێر باس لەوە دەکات "هەر بێدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە هیچ نەوتراوە کاتێک قسە لەگەڵ پارتی کرا ئەوە واتای ئەوەی یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدەکەی خۆی د. بەرهەم بەردەوامە و ئیشیشی بۆ دەکات."



"ئەوان حەیای کوردییان برد "

هەرچەندە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە دەرەوەی یەکڕیزی کورد ئەوان د. بەرهەمیان کاندید کردووە.

بەڵام ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت " ئەوان(پارتی) حەیای کوردییان برد، چونکە ئەوان هەستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی دەرەوەی کورد و بەشێک لە شیعەکان ویستیان کەسێک بکەن بە سەرۆک کۆمار کە پێشتر لەسەر گەندەڵی ئیقالە کرابوو. "



" زۆر لە لایەنە عێراقییەکان دەنگ بە د. بەرهەم دەدەن"

بە بڕوای ڕێزان شێخ دلێر"زۆر لە لایەنە عێراقییەکان دەنگ بە د. بەرهەم دەدەن بۆ سەرۆک کۆماری چونکە بە وتەی ڕێزان شێخ دلێر " ئەگەر وا نەبووایە ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە پێکەوە دەهاتنە دەنگ و ئەسڵەن کاریان دەکردە سەر دادگا چونکە هەموویان خاوەنی هێز و ئەندام بوون لەو دادگایە، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتی بە یاسایی کارەکانی کردووە بۆیە ئێمە توانیومانە بەرگری لە حزبەکەمان بکەین وە بەرگریش لەو کەسە بکەین کە کاندیدمان کردووە بۆ سەرۆک کۆمار هەتا دوا ساتیش بەم شێوەیە کاردەکەین. "

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:32 0:00
XS
SM
MD
LG