Accessibility links

دەزگای هەواڵی شینخوا: کاربەدەستێکی باڵای چین سەردانی ئەمەریکا دەکات


دەزگای هەواڵی شینخوای چینی ڕایگەیاند کاربەدەستێکی باڵای چین لەم هەفتەیەدا سەردانی ئەمەریکا دەکات، ئەمەش یەکەم کاربەدەستی باڵای چینییە کە سەردانی ئەمەریکا بکات دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا.

دەزگای هەواڵی شینخوا لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لو کانگەوە بڵاویکردەوە ئەندامی ئەنجومەنی چین یانگ جێچی لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا سەردانی ئەمەریکا دەکات.

ئەم سەردانە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە دێت کە هەفتەی پێشوو لەنێوان یانگ و ڕێکس تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا ئەنجامدرا، لە ماوەی گفتوگۆکەدا هەردوولا باسیان لە گرنگی دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو کرد لەنێوان چین و ئەمەریکادا.

ئەوە دوایین هەنگاو بوو لەلایەن گەورەترین ئابووری جیهانەوە کە هەوڵیاندا پەیوەندییەکانی نێوانیان چاکبکنەوە دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا.

لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ پەکینی تووڕە کرد بەوەی کە قسەی لەگەڵ سەرۆکی تایواندا کرد و وتی وڵاتە یەکگرتووەکان پێویست ناکات خۆیان ببەستنەوە بە سیاسەتی " یەک چین"ەوە.

شایەنی باسە دواتر سەرۆک ترامپ لە پەوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ جین پینگدا ڕازیبوو ڕێز لە سیاسەتی " یەک چین" بگرێت کە ئەوەش زۆر گرنگ بوو بۆ چین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG