Accessibility links

کۆشکی سپی: سەرۆک ترامپ لەوانەیە پاڵپشتی لە لێکۆڵینەوەیەک بکات سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمەریکا لە یەمەن


کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ لەوانەیە پاڵپشتی لە لێکۆڵینەوەیەک بکات سەبارەت بە هێرشەکەی مانگی پێشووی ئەمەریکا لە یەمەن کە لەئەنجامدا ژمارەیەک لە توندڕەوانی ڕێکخراوی قاعیدە و سەربازێکی ئەمەریکی و کۆمەڵێک هاوڵاتی کوژران.

جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی سارا هاکابی ساندەرز لە بەرنامەی "This Week"ی کەناڵی "ABC"دا وتی کاتێکم بۆ نەڕەخساوە ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵدا بکەم سەبارەت بەم بابەتە بەڵام پێم وایە پاڵپشتی لێدەکات.

شایەنی باسە لە 29ی مانگی یەکدا لە هێرشێکدا بۆ سەر ڕێکخراوی قاعیدە لە دوورگەی عەرەب لە پارێزگای بەیزای یەمەنی سەربازێکی هێزە تایبەتیەکانی ئەمەریکا بەناوی ویلیام ڕایان ئۆینز کوژرا.

هەروەها ڕۆژنامەی میامی هێڕاڵد ڕایگەیاندووە کە باوکی ئۆینز دەیەوێت لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامبدرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکەدا 14چەکداری قاعیدە کوژران و هەروەها دانی بەوەشدا نا کە لەوانەیە هاوڵاتیانیش بەرکەوتبێتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG