Accessibility links

مەککەین: دیکتاتۆرەکان بە سەرکوتکردنی چاپەمەنی ئازاد دەستیاپێکرد


سیناتۆری ئەمەریکا جۆن مەککەین بەرگری لە میدیا دەکات دژ بە دواین هێرشی سەرۆک دانۆڵد ترامپ، و هۆشداری دەدات سەرکوتکردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد شێوازی دەسپێکردنی دیکتاتۆر بوو.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی ولایەتی ئەریزۆنا کە زۆر جار ڕەخنە لە سەرۆک ترامپ دەگرێت، وەڵامی تویتێکی ترامپی دایەوە کە میدیا تاوانبار دەکات بەوەی کە " دوژمنی خەڵکی ئەمەریکان."

لە بەشێکی وتووێژەکەی جۆن مەککەین لەگەڵ بەرنامەی Meet The Press ی کەناڵی تەلەفیزیۆنی NBC کە لە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت سیستەمی جیهانی پاش جەنگی دووهەمی جیهان لەسەر بنچینەی ئازادی ڕاگەیاندن بونیاد نرا.

جۆن مەککەین بە چەک تۆد کە وتووێژەکەی لەگەڵدا دەکات دەڵێت " من ڕقم لە چاپەمەنییە، بە تایبەتی تۆ، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئێوەمان دەوێت. ئێمە چاپەمەنی ئازادمان دەوێت. دەبێت هەمانبێت ئەمە گرنگە."

ئەو گوتیشی " ئەگەر بتەوێت بپارێزرێت زۆر بە جدی قسە دەکەم، ئەگەر بتەوێت دیموکراسی بپارێزیت، هەر وەکو دەزانین، دەبێت پێویستە چاپەمەنی ئازاد و زۆربەی جار دژبەریشت هەبێت. و بەبێ ئەمە لەوە دەترسم بە تێپەڕبوونی کات بەسێکی زۆری ئازادی تاکەکەسیمان لە دەست بدەین. بەم شێوەیەش دیکتاتۆرەکان دەستیان پێکرد."

جۆن مەککەین باسی لە مێژوو کرد و گوتی " ئەوان بە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد دەستیان پێکرد. کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو دەبینین یەکەم شتی کە دیکتاتۆرەکان کردویانە چاپەمەنیان داختووە. من ئەوە ناڵێم کە سەرۆک ترامپ دەیەوێت ببێت بە دیکتاتۆرێک. تەنها دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پێویستە لە مێژۆوە وانە فێر بین."

سیناتۆر جێین شاهینی دیموکراتی ولایەتی نیو هامشەریش لەو کۆنفرانسەی ڕۆژی یەکشەممەدا گوتی ئەویش نیگەران لەمەڕ لێدوانەکانی ترامپ.

شاهین گوتی " مەترسی ڕاستەقینە ڕەخنەکانی سەرۆکە لە میدیا، چاپەمەنی ئازاد زۆر گرنگە بۆ هێشتنەوەی دیموکراسی و هەوڵەکانی سەرۆک بۆ بنکۆڵکردن و بەکارهێنانی میدیا زۆر مەترسیدارە".

ئەم لێدوانانەی یاسادانەرانی ئەمەریکا دوابەدوای تویتەکانی سەرۆک تامپ و ڕۆژێک پاش ئەوە بوو کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەگەریدا بە بەردەوامی ڕەخنەی لە ڕۆژنامەوانان گرت لەسەر کارەکانی کۆشکی سپی و دزەکردنی وتووێژەکەی لەگەڵ ڕێبەرانی مەکسیک و ئوسترالیا.

ڕاوێژکاری ئەلمانیا ئەنگێلا مێرکڵیش لە کۆنفرانسەکەی ڕۆژی یەکشممەدا جەختی کردەوە لە گرنگی ڕۆژنامەگەری ئازاد و گوتی " من ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ ڕۆژنامەوانان. هەمیشە بەرەنجامی باشمان هەبووە بە پشتبەستن بە ڕێزی دوولایەنە بەلایەنی کەم لە ئەڵمانیا."

XS
SM
MD
LG