Accessibility links

بەرپرسان: رۆژانە 400 کەس خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانى پێشمەرگە


کۆچى بە کۆمەڵى دانیشتوانى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک بەردەوامى هەیە و بەپێى وتەى بەرپرسە ئەمنیە کوردیەکان ، فشارەکانى داعش نەبوونەتە لەمپەر لە بەردەم هەڵاتنى دانیشتوانى ئەو قەزایەدا.

نەقیب عەلى محەمەد بەرپرسى ئاسایشى قەزاى دوبس‌ى رۆژئاواى کەرکوک و بەرپرسى دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە ئاوارەکانى حەویجە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رۆژانە بەبەردەوامى نزیکەى 400 کەس لەحەویجە هەڵدێن و خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانى پێشمەرگە."

وتیشى"داعش فشار دەخاتە سەر خەڵکى حەویجە تا ناوچەکە جێنەهێڵن، بەڵام خەڵک بێزار بووە لەدەستى نەبوونى خواردن و زوڵم و زۆر و گوێ‌ بەفشارەکان نادات."

بەپێى وتەى بەرپرسى ئاسایش ى دوبس ، لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا چەندین جار ئاوارەکان کەوتونەتە بۆسەى چەکدارەکانى داعشەوە و لێیانکوژراوە.

سەربارى بەردەوامى کۆچى بەکۆمەڵى دانیشتوانى حەویجە و گوندەکانى دەوروبەرى کەلەماوەى ساڵى رابردووەوە تائێستا بەردەوامى هەیە ، بەڵام بەوتەى بەرپرسانى کەرکوک تائێستا نزیکەى 50 هەزار کەس لەژیر دەسەڵاتى داعش دا لەسنورى حەویجە ماونەتەوە و گیریان خواردووە.

کۆچى دانیشتوانى حەویجە بێ‌ گوێدانە فشارەکانى داعش ، لەکاتێکدا دانیشتوانى ئەو قەزایە جگە لەوەى بەدەست کەمى خۆراکەوە دەناڵێنن ، هاوکات ترسیان لەهێرشى هێزە عێراقیەکانیش هەیە بۆ سەر ناوچەکانیان.

ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دانیشتوانى حەویجەى بۆ سەر دوو ئاست دابەش کرد، وتى"بەشێکیان بەدەست زوڵم و زۆرى داعشەوە دەناڵێنن و بەشەکەى تریشیان لەگەڵیانن."

حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک لەماوەى 13 ساڵى رابردوودا بارودۆخى ئەمنى تێیدا جێگیر نەبووە و زۆربەى ئەو تەقینەوانەش پێشتر لەناو شارى کەرکوک ئەنجام دەدران، بەرپرسانى کورد دەڵێن لە حەویجەوە پلانیان بۆ دارێژراوە.

XS
SM
MD
LG