Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەرێمی کوردستان و چارەسەر لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا


قەیرانی سیاسی هەرێمی کوردستان درێژەی کێشاوە و لەگەڵ ئەوەشدا کە هەوڵەکان بەردەوامن بەڵام هێشتا تروسکاییەک بۆ چارەسەرکردن دیار نییە.

ئەم هەوڵانەی دەدرێن نەبوونەتە مایەی ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ هێنانە ئارای تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە لەبەردانەواندن لە پێناو ئەوەی بە بەرژەوەندی گشتی و بە ئایندەی هەرێم ناودێر دەکرێت.

زۆرێک لە چالاکوانان لەو بڕوایەدان لە کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا لەوانەیە دواترین شتێک ئەگەر کاتێکی بۆ بمێنێتەوە باسکردنبێت لەسەر ڕەوشی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

کەمیش نین ئەوانەی باس لە نادیاری ئایندەی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت بەرپرسان و کاربەدەستانی لایەنە سیاسییەکانیش خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ڕەوشەکە وەک چۆن پڕە لە ئاڵۆزی ئاوەهاش لێوان لێوە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان.

بەڵام ئایا ئەم جۆرە ڕووانینانە بەسن تا بگوترێت هەوڵەکان ڕژدن بۆ چارەسەرکردنی هەردوو قەیرانی سیاسی و دارایی لە هەرێمی کوردستاندا؟!

هەرێمی کوردستان لە ناو قەیرانی قوڵ و ئاڵۆزدایە، گیرۆدەی ژمارەیەک گرفت و کێشەی ناوچەکەش بووە، لە سەرو هەموویانەوە شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا بە وڵاتانی دەوروبەرەوە و هەروەهاش جەمسەرگیری لە قەیران و ناکۆکییە لە مێژینەکانی نێوان شیعە و سوننەدا، ئەمانە بێ لەوەی بەرز و نزمی نرخی نەوتیش کەم تا زۆرێک کاریگەری نەرێنی خۆی هەیە لەسەر باری دارایی هەرێم.

لە نێوەندی ئەم دۆخە ناجێگیرەدا هێشتاش بڕوا وەهایە کە کەسە یەکەمەکانی لایەنە سیاسییەکان خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن لە دۆسێکانی هەرێمدا.
وا بۆ ماوەیەک دەچێت ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دەورەوەی هەرێمە. ئەندامانی گۆڕان کە دووەهەم گەورەترین لایەنی سایسییە لە هەرێم بەپێی ڕیزبەندی ناو پەرلەمانی هەرێم، باس لەوە دەکەن (نەوشیروان موستەفا) بۆ چارەسەری تەندروستی لە دەرەوەی هەرێمە. زۆریش لەوبڕوایەدان ئامادەیی ڕێکخەری گشتی گۆڕان لە ناو هەرێم گرنگە بۆ پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشە و ئالۆزییەکان.
لەم ماوەیەدا ئەگەر و نەگەری گەڕانەوەی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە بابەتێکی قسەلەسەرکراو لە میدیای کوردیدا.

پێشبینییەکان زۆرن بەڵام ئایا کورد لە کوێی ئەم پێشبینیانەدایە؟
ئایا کورد لە عێراقدا توانیویەتی ببێتە بەشێک لە یاریەکانی ناوچەکەدا؟

ئایا چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم تەنها بە جەمسەرە سیاسییەکانی هەرێمەکە دەکرێت؟

ئایا کورد لە عێراقدا توانیویەتی ببێتە بەشێک لە یاریەکانی ناوچەکەدا؟
(دکتۆر کەنعان حەمەغەریب) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکانلە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:


XS
SM
MD
LG