Accessibility links

شێرزاد حەسەن: بەردەوام لە رۆژهەڵات دیکتاتۆر لەدوای دیکتاتۆر، ستەمکار لەدوای ستەمکار دروستبووە


کۆی سیستمی پەروەردەو بونایدی سیاسی و ئابوری تێکڕا پەیوەندییەکی قوڵ و کاریوگەری هەیە بە سەلەبەری بواری حوکمڕانی و ژیانی شارستانی هاوڵاتیان و فەزای گشتییەوە. قەیرانە یەکلەدوایەکەکانی هەرێمی کوردستان و تێکرای ئەو فشارە شارستانیانە بۆ بەرپاکردنی تێڕوانین و هەڵوێستگەلێکی رژد و چارەنوسازانە هەم لەبواری ئابوریدا هەم لەبواری سیاسیدا جێی بایەخ و گرنگیپێدانن. شارەزایان و لێکۆڵەرەوان پتر ئاماژە بە کۆمەڵێک تەوەری جومگەیی دەدەن کە تێڕا پەیوەندییەکی قوڵی هەیە بە ژیانی سیاسی و ژیانی گشتی هاوڵاتیانەوە. بەڵام ئایا کۆی سیستمی سیاسی لەبەردەم پرسیاری گەورەدا نیە؟ ئایا پێویستە پەروەدەو تێکڕای سیستمەکە جارێکی دیکە پێداچوونەوە و تاوتوێبکرێت؟ ئێمە کورد دەتوانیت سود لە سیستمە پەروەردەییەکانی وڵاتانی جیهاند وەربگرێت؟

کاتێک قوتابخانەکان و زانکۆکان بە داخراوەیی دەمێننەوەو مامۆستاکانیش بەبێ موچەیی و خوێندکارانیش بەبێ قوتابخانە...ئەمە چ کارەساتێکە؟
لێشاوێک گەنج لەهەرێمی کوردستاندا ساڵانە زانکۆ و خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام ئەم وزە گەورەیە چی لێدێت...؟

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکانی دەنگی ئەمریکا میوانداری نوسەر و رۆناکبیر شێرزاد حەسەن دەکات سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و گەشتە فەرهەنگی و رۆشنبیرییەکانی لەئەوروپا.

شێرزاد حەسەن دەڵێت "جیهانی کتێب بۆ من، شاگەشکەبوونم وبوو، هەرگیز من بەختم نەبوو بگەمە فرانکفۆرت، بەتایبەتی لەکاتی پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێبدا، کە بەشی ئینگلیزییەکەی هێجگار دەوڵەمەندە".

"پێنج رۆژ لە فرازنکفۆرت مامەوە، کۆرێکم کرد لەسەر شکەستی پەروەردە، بە واتایەک شکستی مۆدێرنیتەو پەروەردە کە زۆر پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە لای من".

لەپرسیارێکماندا لەبارەی ئەو گەشتە فەرهەنگیانەی ئەمساڵیانەوە؛ شێرزاد حەسەن دەڵێت "تەنها لە ئەڵمانیا لە 10 شاری گەورە من کۆڕم کرد لەسەر تیرۆر. ئەو تیرۆرەی کە ئێستاکە لەڕۆژهەڵاتدا یان ئەو خوێنباران و ئەو قەسابخانەیەی کە لەئارادایە".

سەبارەت بەو پرۆژەیەی کە شێرزاد حەسەن زیاد لە 30 ساڵە کاری لەسەر دەکات دەڵێت "هەمیشە پرۆژەیەکی خۆم هەبووە، کە بەدرێژایی 30 ساڵ کە رەخنەگرتنی پاتریاکە، یا باوکسالارییە یان نێرسالاریە. بۆ من ئەمە رەگی هەموو کێشەکانە بە توندوتیژیشەوە، یەکێک لەکێشەکان دیارە لەناو کولتور و ئایندا؛ بگرە بە هەر سێ ئاینەکەشەوە، رەگی چاک داکوتاوەو زۆر جەختم لەسەر ئەوە کردووە کە ئەگەر ریفۆرم نەکرێت وەک ئەوەی کە لەئەوروپا کرا، لە رۆژئاوا کرا؛ ئەم قەسابخانەیە لەرۆژهەڵات بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە ستەمکاریشس دەڵێت "ستەمی عەرەبی رۆی، ستەمی کوردی هات، دەزانن کە ستەمی سیاسی سەرچاوەی هەموو ستەمەکانی دیکەیە".

دەشڵێت "هەموو بەدبەختییەکانی ئێمە زۆر پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە، چونکە ئێمە لەهیچ یەکێک لەخانە پەروەردەییەکان مرۆڤێکی تازەمان دروست نەکردووە".

هاوکات "بەردەوام لە رۆژهەڵات دیکتاتۆر لەدوای دیکتاتۆر، ستەمکار لەدوای ستەمکار دروستبووە. وە من گومانم لەخێزان هەیە، لەپەرستگا لە ئاینییەکان هەیە، لە مەکتەب هەیە کە دواجار نەیانتوانی مرۆڤێکی ئاشتیخواز دروستبکەن".

شێرزاد حەسەن پتر قوڵدەبێتەوە بۆ نێو ئەو رایەڵە شیکارییەو دەڵێت "وەک دەوترێت هەموو موسڵمانێک فەندەمینتالیست نیە، هەموو فەندەمینتالیستێکیش تیرۆریست نیە، بەڵام هەرچی تیرۆریستە لەدنیادا لە 99% ی ئەگەر نەڵێم لە100% سەر بە دنیای جیهانی ئیسلامی و عەرەبییە، هەتا ئەوانەشی کە لەڕۆژئاوا گەورەبوون کە دەیانخوێنیتەوە لە بنەماڵەیەکی عەرەبی ئیسلامییەوە هاتوون".

سەبارەت بە داخستنی قوتابخانەکان و بارودۆخی سەختی مامۆستایان و ستەمکاریی سیاسی؛ شێرزاد حەسەن دەڵێت "ئەم کارەساتە لە ئەفغان رووینەداوە، لەهیچ وڵاتێک تا ئێستا لەم چەشنە رووینەداو"، "25 ساڵە حیزب توانیوێتی دەستبخاتە هەناوی دەزگاکانی پەروەردە، واتە بە حیزبیکردنی دەزگای پەروەردە کە لەهەموو دنیادا ئەزموونی سۆڤێت کە زۆر ناشرین بوو، دیارە ئەمانیش بۆخۆیان وتیان سۆشیالیزمن، بەڵام ساختەبازبوون لەگەڵ سۆشیالیزم و فیکری مارکسی، چونکە دەیانتوانی پەرە بەو فیکرە بدەن و دونیایەکی رەنگینتریان دروستبکردایە........".

سەبارەت بە پەروەردەش شێرزاد حەسەن کۆمەڵێک سەرنجی گرنگ دەدات و دەڵێت "ئێستا لەفیلەندا کۆکتێلێکیان دروستکردووە لەپەروەردە ئێستا خەریکن مەکتەب نەهێڵن بەو شێوەی کە هەیە، قوتابخانە وجودی نەمێنێت. بەڵام منداڵی بلیمەت دروستدەکەن، داهێنەر، عەقڵزەدە، رەخنەگر، پرسیار دروستکار درووستدەکەن. بۆ نمونە زۆر بایەخ دەدەن بە هونەرەکان".

دەشڵێت "فلەندییەکان دەڵێن ئەگەر منداڵ لەبواری هونەر و وەرزش زۆر چالاک نەبن، لەبواری فیزیاو کیمیاشدا ناتوانین خێریان لێببینین".

سەبارەت بە ستەمکاری و حیزبسالاریی؛ شێرزاد حەسەن دەڵێت "داهێنانی ئێمە لەداوی بەعسیسزم و نەمانی سەدام کە ئەویش بەعسیزم لەهەناوی هەموو پەروەردەکەدا بوو، ئێمە لەبەعسیزم جوانتر نەبووین. هەمان ئەخلاقی نزمی بەعسیزم لەلای سەرکردە کوردەکان و حیزبییە کوردییەکان پەیرەو دەکرێن؛ بەرکەماڵەو شەرم لەخۆیان ناکەن".

هاوکات "تۆ ناتوانیت لەوڵاتێکدا کە حیزب ئەوەندە نافامیدەو بێهۆش و گۆش بێت بڵێت پەروەردە داگیردەکەم لەپێناو نیشتیمانپەروەری، درۆیەکی گەورەیە، نە ناشونالیزم هەیە لەرۆژهەڵات و لەناو کورددا، نە نیشتیمانپەروەریش هەیە، بە پێچەوانەوە ئەو دوایەیان کوشت، واتە بەدەستی خۆمان کوژرا".

هەروەها دەشڵێت "ستەمی سیاسی، سەرەتای ستەمەکانی دیکەیە، واتە ئەگەر لەبواری ئابوری شکەست بهێنین، لەبواری کۆمەڵایەتیش کە کۆمەڵگەی کوردی هەڵزراوە، هەڵدڕاوە، لێکهەڵوەشاوەتەوە بەتەواوەتی؛ بە ڕای من لەڕاستیدا ئێمە نەتەوەیەک نین، لەئۆردوگا دەچێت ژیانی ئێمە. بۆیە من وای دەبینم ستەم و بێ رەوشتی سیاسی دەکاتە سەرچاوەی هەموو ستەمەکانی دیکە".

سەبارەت بە گەندەڵیش؛ شێرزاد حەسەن دەڵێت "گەندەڵی دیاردە نیە، رۆحی سیستمی ئێمەیە، واتە رۆحی سیستمی ئێمە مافیاییە، ئەگەر بێتوو یەکێک بڵێت گەندەڵی دیاردەیە، ئەوە هیچ لەدنیا نازانێت".

"لەڕاستیدا گەندەڵی بە دەزگایی کراوە، واتە گەندەڵی دەزگایە. ژیانی ئێمەیە لەباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا".

دەشڵێت "کەس خەمی وڵات و نەوەی نوێی نیە، ئەمانە وەکو ئەڵێی نەوت دزن و وە تاڵانکەرن".

"بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی تائێستا حوکمێکی ستەمکارانە دەکرێت. پەروەردە چیە؟ بەوەی قوتابخانە داخراوە، زانکۆ یان باری ئابوری دەرئەنجامی ستەمی سیاسییە، وە بێ مۆڕاڵی و بێ رەوشتی سیاسەتی کوردییە".

سەبارەت مزگەوت شێرزاد حەسەن دەڵێت "هەندێک گەڕەک هەیە سێ مزگەوتی لێ دروستکراوە، هێشتا خەریتەکەی دانراوە بکرێت بە گەڕەک".

سەبارەت بە جیهاد و وەهابیزمیش دەڵێت "وەهابیزم 400 ساڵە ئیشدەکات، کە جیهادی و قیتالین و کوشتنی خەڵکە، شمشێربازییە، لەهەموو جیهانی ئیسلامیدا وەهابی ئیشدەکات، بە کوردستانیشەوە هەمو یونسیف و یونوسکۆ وئەوروپاو ئەمریکا چاویان لەسەر سعودییەیە ریفۆرمێک بکات نایکات، چونکە لەوێدا ئاین بۆ ئەوان بزنیزە، ئاین بۆ ئەوان گەمژەکردنی خەڵکە".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی بەشی یەکەمی وتووێژەکە ببن

XS
SM
MD
LG