Accessibility links

کاردانەوەی سەرۆک ئۆباما لەسەر کۆچی دوایی فیدڵ کاسترۆ


پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی مردنی فیدڵ کاسترۆ سەرۆک ئۆباما بۆ گەلی کوبا لێدوانی دا و هاوخەمی خۆی دەربڕی و پێی ڕاگەیاندن کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند " ئەمڕۆ ئێمە هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی فیدڵ کاسترۆ دەردەبڕین و بیرو هزرمان لەگەڵ گەلی کوبایە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەوان ڕابوردویان بیردەکەوێتەوە و هەروەها هەنگاو دەنێن بەرەو داهاتوو. لە هەمانکاتدا، گەلی کوبا دەبێت ئەوە بزانن کە هاوڕێیەک و هاوبەشێکیان هەیە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە کاردانەوەی جۆراوجۆر لە ناو کوباییەکاندا هەیە هەم لە ناو ئەمەریکا و هەم لە ناو کوبا لەسەر مردنی کاسترۆ، بۆیە سەرۆک ئۆباما نە ستایشی کاسترۆی کرد و نە سەرزنشتیشی کرد، بەڵام گوتی ئەوە دەهێڵێتەوە بۆ مێژوو بریار لەسەر کاریگەری کاسترۆ بەسەر جیهانەوە بدات.

سەرۆک ئۆباما گوتی " لە میانەی ماوەی سەرۆکایەتیمدا، کارێکی زۆرمان کرد تا ڕابوردوو وەلاوەبێین، هەوڵی داهاتویەک بدەین کە تیایدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بری جیاوازییەکان بە بەها هاوبەشەکانی وەکو دوو دراوسێ و دوو هاوڕێ بناسرێت، یەکگرتنی خێزانەکان، کەلتور، بازرگانی و مرۆڤایەتی هاوبەش".

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەرەتا لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە تەنها نوسیبوی " فیدڵ کاسترۆ مرد" بەڵام پاشان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تیایدا کاسترۆی بە "دیکتاتۆرێکی دڕندە" لەقەڵەم داوە کە بۆ ماوەی نزیکەی ساڵە گەلی خۆی سەرکوت کردووە.

XS
SM
MD
LG