Accessibility links

فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق شەڕى موسڵ بەقورس وەسفدەكات


فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، شەڕى موسڵ بە شەرێكى قورس وەسفدەكات و ئاماژەبەوەدەكات سەربارى قورسى شەڕەكە و بەرگرى كردنى چەكدارەكانى داعش بەڵام هێزە عێراقیەكان لەپێشرەویدان بەرەو ناو موسڵ.

فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەگەر خەڵكى موسڵ هاوكارى هێزە عێراقیەكان بكەن شەرِەكە زووتر یەكلایى دەبێتەوە."

وتیشى"ناو شارى موسڵ خەڵكى مەدەنى زۆر تێدایە و حەیدەر عەبادیش رازى نابێت زیان بەدەنى بگات جا لەرێگەى فرۆكەوە بێت یان مەدفەعى و چەكى تر ، لەراستیشدا ئەمە كێشەیەكى گەورەیە بۆ هێزە ئەمنیەكان."

دەربارەى ژمارەى ئەو چەكدارانەى داعش كەلەناو موسڵ دا بەرگرى دەكەن ، فەریق ئەنوەر حەمەئەمین وتى"بەپێى زانیاریە هەواڵگیریەكان ژمارەى ئەو چەكدارانەى داعش كەلەناو موسڵدان لەنێوان 5 بۆ 8 هەزار چەكدار دەبێت."

فەریق ئەنوەر حەمە ئەمین ، شەڕی موسڵى بەشەرێكى سەخت ناوبرد و ئاماژەى بەوەكرد داعش لەرێگەى قەناس و ئۆتۆمبێلى بۆمب رێژكراوەوە بەرگرى دەكات ، وتى"بەڵام هێزە ئەمنیەكان لەپێشرەویدان ، هەندێك هێز چوەتە ناو موسڵ و ئەمرۆش هێزە ئەمنیەكان چوونەتە ناو حەمام عەلیل."

لەماوەى دوو هەفتەى رابردوودا پێشرەوى هێزە عێراقیەكان خێرا بووە ، بەڵام لەئێستادا كە لەناو شارى موسڵ نزیكبونەتەوە شەرِەكە تا دێت ڕوو لەقورسى دەكات و پێشرەوی هێزە عێراقیەكانیش وەكو پێشتر بەخێرایى ناروات


.

XS
SM
MD
LG