Accessibility links

بەغدا هەڕەشەى ناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوک دەكات و هەرێمیش بەكارتى فشارى دەزانێت


حكومەتى عێراق هەڕەشەى هەناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوك دەكات بەتانكەر و لەرێگەى ئێرانەوە و بەرپرسانى كەركوكیش ئەو هەڕەشەیە بەكارتى فشار دەبینن، ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەى 6 مانگە و بەهۆى ناكۆكیەكانى لەگەڵ هەرێم ، حكومەتى عێراق ناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوكى راگرتووە.

ئەحمەد عەسكەرى سەرۆكى لیژنەى سامانەسروشتیەكان لەئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك، هەڕەشەكانى بەغداى بەكارتى فشار وەسفكرد و وتى"ناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوك لەرێگەى ئێرانەوە عەمەلى نیە ، بەڵكو كارتى فشارە لەسەر هەرێم تا لەگەڵیدا رێكبكەوێت."

ناوبراو وتیشى"بەغدا و هەرێم بەلاى زۆرەوە دەگەنە رێككەوتن."

بەدەنگ هاتنى بەرپرسانى هەرێم و كەركوك لەسەر ناردنە دەرەوەى نەوتى كەركوك بێ‌ رەزامەندى ئەوان لەكاتێكدایە ، فەیاز نوعمە بریكارى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند"لەئەگەرى رێك نەكەوتن لەگەڵ هەرێم ، بەغدا ناچارە نەوتى كەركوك بەتانكەر و لەرێگەى ئێرانەوە رەوانەى بازارەكانى جیهان بكات."

ئەم هەڕەشانەى بەغدا لەسەر هەرێم ، لەكاتێكدایە رێكەوتنەكەى نێوانیان كارى پێناكرێت كە بەپێى ئەو رێكەوتنە بەغدا بەشە بودجەى هەرێم دابین دەكات ، هەرێمیش مانگانە 550 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم و كەركوك بۆ بەغدا هەناردەى دەرەوە دەكات.

ئەحمەد عەسكەرى وتى"نەوتى كەركوك بووەتە بەشێك لە كێشە و دانوستانەكانى نێوان هەولێر و بەغدا."

لاى خۆشیەوە محەمەد دووشیوانى یەكێك لە نوێنەرانى كەركوك لەپەرلەمانى عێراق ، پێیوایە هیچكام لە هەولێر و بەغدا ناتوانن بێ‌ رەزامەندى ئەویتریان نەوتى كەركوك هەناردە بكات ، وتى" چونكە لەڕووى واقیعیەوە نەوتى كەركوك لەژێر كۆنترۆڵى پێشمەرگەو لەڕووى یاسایى و دەستوریەوە لەژێر كۆنترۆڵى بەغدایە."

لەئێستادا بودجە و موچەى زۆربەى فەرمانبەران و فەرمانگە حكومیەكانى كەركوك لەلایەن بەغداوە دابین دەكرێت ، ئەمەش وایكردووە هەرێم و ئیدارەى كەركوك نەتوانن لەدۆسیەى نەوت دا رەچاوى بۆچونەكانى بەغدا نەكەن.

XS
SM
MD
LG