Accessibility links

رەفیق سابیر: قوتابخانە ئیسلامییەکانی خۆرئاوا تیرۆریست پێدەگەیەنن


تیرۆر وایکرد جارێکیتر پێکەوە ژیان و پەیوەندی نێوان موسڵمانەکان و کریستیان لە خۆرئاوا بکەوێتەوە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەترەوە؛ بەپێی رای شارەزایان رەوتی سەلەفیەت و توندڕەوی ئیسلامی پێدەنێتە قۆناغێکی ترسناکەوە لە گەشەکردن و بەرپاکردنی تۆڕێکی پەیوەندی بەرفراون و ئامادە بۆ دژایەتیکردنی بەها مرۆیی و شارستانییەکان. هاوکات تیرۆریش پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لە کردەوەی رێکخراوو هەڵکوتانەوە بۆ کردەوەگەلی تاکەکەسی نادیاریکراو و تەمومژاویی، بەڵام ئەم کردەوە تیرۆریستییانەی ئەم دواییانەی ئەوروپا کۆمەڵێک پرسیاری گەورەی وروژاند هاوکات سەرلەبەری دەزگا ئاسایشی و پۆلیسی و هەواڵگیرییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی دنیاشی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەی رژد و خوێندنەوەی جیاوازەوە.

ئایا گەشەکردنی جیهادی و سەلەفییەکان لەخۆرئاوا چ مەترسییەکی شارستانییە بۆ ستایلی ژیانی گشتی بۆ وڵاتانی خۆرئاوا؟

لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر دکتۆر رەفیق سابیر سازکردووە.

رەفیق سابیر دەڵێت "کێشەی گەورەی ئەم تیرۆریستانە ئەوەیە؛ ئەمانە دەژین لەپێناو مەرگدا، قوتابخانە ئیسلامی و سەلەفی و تیرۆریستی و وەهابی و ئەمانەی وا پەروەردە کردووە کە ژیان بێنرخترین شتە، هیچ نیە، بەڵکو دەبێت ئەم ژیانە بگۆڕێتەوە بە مردنێک بۆ شتێکی خورافی کە نە پشتڕاستکراوەتەوە کە هەبێت نە هەرگیز پشتڕاستدەکرێتەوە کە هەیە ئەو شوێنەی ناوی بەهەشتە بەو شێوەیەی کە لەئایندا باسی لێوەکراوە کە هەبێت".

هەروەها لەبارەی جیهادییەکانەوە دەڵێت "ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی تازە لەوە دەرچووە کە تەنها لەوڵاتە ئیسلامییەکاندا بێت، چیتر رۆژئاوا و ئەوروپا لەوە زیاتر ناتوانن وەکو چەکێک لەدژی نەیارانی خۆیان بەکاریان بهێنن".

لەبارەی مێژووی جیهادییەکانەوە لە ئەوروپا رەفیق سابیر دەڵێت "لەساڵانی نەوەدەکانەوە بەریتانییەکان دەزانن کە ئەو قوتابخانە ئیسلامیانە تیرۆریست پێدەگەیەنن، بەڵام کارخانەیەک بوون بۆ پێگەیاندنی تیرۆریزم بۆ ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسڕ و ئوردون و ئەو وڵاتانە".

هەروەها دەشڵێت "زوربەی ئەو سەرکردە تیرۆریستیانەی ئیخوان موسلمین کە بە کوشتن و تاوانکاری تاوانباربوون کاتی خۆی لە بەریتانیا بوون و هەتا ئێستاش لەوێ داڵدەدراون".

مەترسییەکانی تیرۆر لەخۆرئاوا، بەتایبەتی دوابەدوای ئەو تیرۆرە هەڕەمەکییەی ئەم دواییانەی شاری نیس و کوشتنی قەشە فەرەنسییەکە و هێرشەکەی ئەڵمانیا. ئایا رادیکالیستە ئیسلامییەکان چ مەترسییەکن بۆ خۆرئاوا؟

رەفیق سابیر "پێشتر تیرۆر مەترسی نەبوو بەرەو رۆژئاوا و ئەوروپا چونکە ئەوان دەچوون بۆ وڵاتانی دیکە تیرۆریان ئەنجامدەدا، لێرە پەروەردە دەکران و دەچوونە قوتابخانەو بڕوانامەیان دەدرایەو لەوێوە دەڕۆیشتن، بەڵام ئێستا تیرۆریستەکان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان".

ئەم هەنگاوەی فەرەنسا بە داخستنی 20 مزگەوت و لەسەر کار لابردنی چەندین مەلا و خوتبەبێژی توندڕەو پێتوایە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دەگرێتەوە؟

رەفیق سابیر "داخستنی ئەو مزگەوت و شوێنانە کە هەتا ئێستا فەرەنسا وێرابێتی، چونکە وڵاتانی تر هەتا ئێستاکە جورئەتی ئەوەیان نیە دەست بۆ ئەو کارە بەرن ئەمە بۆخۆی کارێکی هێجگار باشە ، دەکرێت یەکێک لەسەرچاوەی پێگەیاندنی تیرۆر لە فەرەنسا لاواز بکرێت. بەڵام داخستنی ئەو مزگەوتانە و شێوازی لەوجۆرە تەنها تیرۆریستەکان نیگەران دەکات."

ئایا مزگەوت و قوتابخانە ئاینییەکانی خۆرئاوا بەرهەمهێنەری فیکر و ئایدۆلۆژیای جیهادگەرایی و دەمارگیری ئیسلامین یان تەنها شوێنێکن بۆ خوداپەرستی؟

رەفیق سابیر "کردنەوەی مزگەوت و پەرستگای هەر ئاینێک پەیوەندی هەیە بە بەشێک لە سادەیی ماهیەتی رۆژئاوا بەناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئەو شتانە کە ئەو یاسایانە بۆ مرۆڤایەتی دانراون نەک بۆ جانەوەر، ئەوانەی ئەم کارە تیرۆریستیانەیان کردووە پێشتر چەندجارێک بانگکراون و گیراون و چاودێریان لەسەر بووە، ئەمانە مەترسین بۆ کۆمەڵگە ....دەبێت ئەمانە دوور بخرێنەوە لە کۆمەڵگەو بپارێزرێن لەو جانەوەرانە".

دواجار دەڵێت "ئیسلامی سیاسی بە تیرۆریزم بە هیچ شێوەیەک داهاتووی نیە".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.....

please wait

No media source currently available

0:00 0:36:30 0:00

XS
SM
MD
LG