Accessibility links

ژمارەیەک چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا مێرمنداڵێـک سەردەبـڕن


ژمارەیەک چەکداری گروپـێـکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەوانەی بە میانڕەو ناودێردەکرێن، مێرمنداڵێـک سەردەبڕن کە تەمەنی لە 13 ساڵ زیاتر نەبووە، ئەمەش بە تاوانی ئەوەی لە پاڵ هێزەکانی ئەسەد شەڕی کردوون.

ڕۆژی سێشەممە ڤیدیۆی چۆنیەتی سەربڕینی مێرمنداڵەکە لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکرایەوە و تیایدا لە پشـت ئۆتۆمبیلێـکی پـیکاپـدا ژمارەیەک چەکداری گروپی بزوتنەوەی نورەدین ئەلزەنکی بە خەندە و پـێکەنینەوە سووکایەتی بە مێرمنداڵێـک دەکەن کە پـێدەچێت برینداریش بووبێت. دەڵێن ئەمە چەکدارێکی لیوای قودسی فەڵەستینی سەر بە بەشار ئەسەدە و لە کەمپی حەندرات لە باکوری شاری حەلەب بە دیلی دەستگیریان کردووە. پاشان بە هاواری (الله اکبر) یەکێـکیان هەر لە پشـتی پـیکاپەکەدا سەری دەبڕێت. ڤیدیۆکە هێندە قێزەوەنە بە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و هەرچی بینیویەتی تووشی شۆک بووە.

ڕامی عەبدول ڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەواڵی سەربڕینەکەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس پشتڕاستکردەوە و گوتی ئەمە یەکێـکە لە سەربڕینە قێزەوەنەکانی کراون لە ماوەی 5 سـاڵی ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی سوریادا.

گوتیشی پاش ئەوەی لە ناوچەی حەندرات دەسـتگیریان کردبوو، بردوویانە بۆ ناوچەی مەشهەد لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریایە و لەوێ سەریان بڕیوە.

سەبارەت بەوەی منداڵەکە فەڵەستینی‌یە یان نا، ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی هێشتا بۆیان یەکلا نەبووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لیوای قودسی فەڵەستینیـیەکان ڕەتی کردووەتەوە ئەندامی ئەوان بووبێت.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە و دروستبوونی ناڕەزایـیەکی زۆر، گروپی بزووتنەوەی نورەدین زەنکی بەیانـنامەیەکی دەرکرد و تیایدا تاوانەکەی شەرمەزارکرد و دانی نا بەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە چەکداری خۆی بوون و هەڵەی تاکە کەسی بووە و سیاسەتی ئەوان وەها نیـیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە سەرەتای ئەم مانگە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو گروپانەی لە سوریا تاوانکاری ئەنجام دەدەن، لەوانە بزوتنەوەی نورەدین ئەلزەنکی.

سەربڕینی مێرمنداڵێـک بە دەستی ژمارەیەک چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:52 0:00

XS
SM
MD
LG