Accessibility links

پەیەدە داوا لە تورکیا دەکات واز لە هەڕەشەی هێرشی لەشکری لە دژیان بهێنێت


سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات – سوریا (پەیەدە) بەیانـنامەیەکی دەکردووە سەبارەت بەو لێدوانانەی لەم دوایـیانە لە لایەن کاربەدەسـتانی باڵای تورکیاوە دراون لەمەڕ مەترسیـیان لە باڵادەستبوونی هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

پەیەدە لە بەیانـنامەکەیدا دەڵێت ئەوان هەمیشە هەوڵ دەدەن ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن، لەوانە ڕێکەوتـننامەکانی پەیوەستن بە سنووری نێودەوڵەتی و هەروەها هەوڵ دەدەن پەیوەندی باشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت.

هەروەها دەڵێن خوازیاری پـێـکهێنانی دەوڵەتێـکی سەربەخۆ نین، بەڵکو کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی کانتۆنەکانیان کە بە نمونەیەکی باش بۆ سوریای دەبینن. دەشڵێت ئەمە مەسەلەیەکە تەنها پەیوەستە بە خەڵکی سوریا، بۆیە وڵاتانی دراوسێ مافی ئەوەیان نیـیە دەستێوەردانی تیادا بکەن.

پاشان جارێکی دیکە پەیەدە هەوڵ دەدات نیگەرانیـیەکانی تورکیا بڕەوێنێتەوە و دەڵێت نایانەوێت گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروسـتبکەن و خوازیارن وڵاتانی دراوسێش پابەند بن بە بنەمای دەسـت وەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان و وابەستەی پەیوەندی باشبن لەگەڵیاندا هەر وەکو چۆن لە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

لە بەشێـکی تری بەیانـنامەکە پەیەدە دەڵێت ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانێـتی نێودەوڵەتی لە دژی تێرۆر کاردەکەن ، بۆیە هەر هێرشێـک بکرێتە سەر هێزەکانی یەپەگە و هاوپەیمانانیان لە ڕۆژئاوا، ئەوا دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە تێرۆرسـتان, هەروەها هەر دەسـتێوەردانێـکی لەشکری لە ڕۆژئاوا بکرێت، ئەوا کاردانەوەی خۆجێی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە و هێندەی دیکە ڕەوشی سیاسی لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئاڵۆزدەکات و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی جیهان دروسـت‌دەبێت.

پاشان داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات، بە تایبەتی وڵاتانی ناتۆ، لەوانە ئەمەریکا و فەڕەنسا کە نەهێڵن تورکیا دەسـتێوەردان لە ناوچەکانیان بکات.

هەروەها تورکیا ئاگاداردەکەنەوە، لەوەی ڕووبەڕووی دەبنەوە ئەگەربێت و هێرش بۆ سەر ناوچەکانیان بکات. دەڵێن یەپەگە و هاوپەیمانانی بەرگریـیان لە ڕۆژئاوا کردووە لە دژی ڕژێمی سوریا و تێرۆرسـتان و ئامادەشن بەرگری بکەن لە بەرامبەر هەر دەسـتدرێژیـیەکی دیکە بکرێتە سەریان لە لایەن هەر لایەنێـکەوە بکرێتەسەریان.

دواتر داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەن چیتر هەڕەشەی هێرشی لەشکریـیان لێ نەکاتەوە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای شاری گرێ سـپی لە لایەن هێزەکانی یەپەگە و چەند هێزێـکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریاوە ڕزگارکراوە، تورکیا کوردەکانی سوریا تاوانباردەکات بەوەی پاکتاوی نەژادی لە دژی عەرەب و تورکمانەکانەکان ئەنجام دەدەن و دەڵێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی هەموو ڕێوشوێنێـکی پـێوست دەگرێتەبەر.

XS
SM
MD
LG