وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌ڵێت ئانکه‌ره و واشنتۆن ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر بنه‌ماکانی پشتیوانی ئاسمانی بۆ سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا ئه‌وانه‌ی بۆ شه‌ڕی توندڕه‌وانی ئیسلامی مه‌شق و ڕاهێنانیان پێکراوه و که‌ره‌سته و که‌لوپه‌لی له‌شکریشیان بۆ دابینکراوه.
ئه‌م ڕێککه‌وتنه له‌و کاته‌دا ده‌چێته قۆناغی جێبه‌جێکردنه‌وه که سه‌رهه‌ڵداوانی سوریایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو خاکی سوریا.
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیا پێشتر له مانگی دوودا ڕێککه‌وتبوون له‌سه‌ر مه‌شق و ڕاهێنان پێکردن و دابینکردنی که‌ره‌سته پێویسته‌کان بۆ سه‌رهه‌ڵداوانی میانڕه‌وی سوریایی به‌پێی ئه‌و به‌رنامه 500 ملیۆن دۆلاریه‌ی له‌لایه‌ن وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه ته‌رخان کراوه.
مه‌ولود چاوه‌شئۆغلو، به ڕۆژنامه‌ی (سه‌باح) ی گوتووه پێویسته پشتیوانی ئاسمانی هه‌بێت بۆ سه‌رهه‌ڵداوانی میانڕه‌وی سوریایی و ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵداوان نه‌پارێزیت و پشتیوانی ئاسمانییان بۆ دابین نه‌کرێت ئیدی مه‌شق و ڕاهێنان و دابینکردنی پێداویستیه‌کان به که‌ڵکی چی دێن.
چاوه‌شئۆغڵو هیچ ورده‌کاریه‌کی تری سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی پشتیوانی ئاسمانی باس نه‌کردووه.
کاربه‌ده‌ستانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێن ئامانجه‌که ئه‌وه‌یه 5000 سه‌رهه‌ڵداوی سوریایی له ماوه‌ی ساڵێک بۆ سێ ساڵدا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێبکرێت له تورکیا و عه‌ره‌بستانی سعودیه و قه‌ته‌ر.