هێزه ئاسایشیه‌کانی عێراق ئه‌مڕۆش هه‌ینی به‌رده‌وامن له‌هێرشه به‌رفراوانه‌کانیان وه‌ک فشارێک بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی شاری تکریت.
توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی گه‌مارۆی شاره‌که‌یان داوه به‌ڵام ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن توندڕه‌وان هه‌روادێ و شوێنی زیاتر له ده‌ست ده‌ده‌ن.
کاربه‌ده‌ستانی عێراقی به‌رده‌وامن له ده‌ربڕینی متمانه‌ی خۆیان که به‌م زووانه ده‌ست ده‌گرنه‌وه به‌سه‌ر شاره‌که‌دا.
نزیکه‌ی 30 هه‌زار سه‌ربازی عێراقی، له‌گه‌ڵ میلیشیا شیعه‌کانی که ئێران پشتیوانی‌یان ده‌کات چوارده‌وری شاره‌که‌یان گرتووه و توانیویانه ده‌ستبگرنه‌وه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک ناوچه‌دا، هه‌رچه‌نده هێشتا دیار نییه هێزه عێراقیه‌کان ڕێک گه‌یشتونه‌ته کوێ.
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه له‌شکرییه‌ی عێراق که له چه‌ند به‌ره‌یه‌که‌وه‌یه ئێستا له هه‌فته‌ی دووه‌میدایه به‌هۆی سێره‌گران و مین چاندنه‌کانی چه‌کداره توندڕه‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه خاوبۆته‌وه.
به‌ڵام خالید ئه‌لعوبه‌یدی، وه‌زیری به‌رگری عێراق ده‌ڵێت ئۆپه‌راسیۆنه‌کان به‌م زووانه ده‌چنه قۆناغێکی گرنگ و هه‌ستیاره‌وه.
ئه‌لعوبه‌یدی له لێدوانێکدا بۆ په‌یامنێران گوتوویه‌تی "زۆر به ئاگاهیه‌وه کارده‌که‌ین تا چه‌ندێک ده‌توانین که‌مترین زیانی عێراقیه‌کان هه‌بێت له‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا، کات له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌یه و ده‌ستپێشخه‌ری خۆشمانمان هه‌یه."
له لایه‌کی دیکه‌وه ڕێبه‌ری باڵای شیعه‌کان له عێراق داوای له حکومه‌تی وڵاته‌که کردووه تا پشتیوانیه‌کان بۆ میلیشیا شیعه‌کان زیاتر و خێراتریش بکات.
ئه‌حمه‌د ئه‌لسافی، ده‌مڕاستی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی له نوێژی ئه‌مڕۆ هه‌ینیدا له زاری ڕێبه‌ری شیعه‌کانی عێراقه‌وه داوای موچه‌ی کردووه بۆ زۆرێک له میلیشیا شیعه‌کان و گوتوشیه‌تی دواکه‌وتنی موچه‌ی میلشیا شیعه‌کان جێی قه‌بوڵ کردن نییه.
هاوکات ڕێبه‌رێکی ناوداری سوننه‌کانی عێراقیش هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی داوای له ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که کردووه تا ڕێگربن له‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌کان له‌م شه‌ڕه‌ی تکریتدا بکه‌ونه هێرشی تۆڵه‌کردنه‌وه.
شێخ عه‌بدولستار عه‌بدولجه‌بار ، ئاماژه‌ی به ژماره‌یه‌ک ڕاپۆرت کردووه که میلیشیا شیعه‌کان ماڵی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی سوننه‌یان سوتاندوه له‌م شه‌ڕه‌ی بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی تکریت ده‌کرێت.
ئیمام عه‌بدولجه‌بار ده‌شڵێت ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه په‌ره ده‌دات به پشێوی و ئاڵۆزی ئاینزایی له وڵاته‌که‌دا هاوشێوه‌ی قه‌یرانی ئاینزایی ساڵانی 2006 و 2007 له عێراقدا.