Accessibility links

تکریت : داعش بیرە نەوتیەکان دەتەقێنێتەوە


چەکدارەکانى داعش بیرە نەوتیەکانى عەجیل‌ى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینیان تەقاندەوە و شەڕێکى قورسیش لە دەوروبەرى شارەکە لە نێوان سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى و داعشدا بەردەوامە ، بەڵام تا ئێستا سوپا و حەشدى شەعبى نەڕۆیشتوونەتە نێو تکریتەوە. بەرپرسێکى ئەمنیش دەڵێت"داعش لە دوو قۆڵەوە سوپا و حەشدى شەعبى تێکشکاندووە."

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەڕ لە ناوچەى دۆر و عەلەم لە دەوروبەرى شارى تکریت بەردەوامە ، بەڵام هێشتا سوپا و حەشدى شەعبى نەیانتوانیووە بچنە نێو شارى تکریتەوە."

ناوبراو دەڵێت"داعش بیرە نەوتیەکانى عەجیل‌ى سەر رێگەى نێوان کەرکوک و تکریت تەقاندووەتەوە."

نزیکەى 30 هەزار چەکدارى حەشدى شەعبى و سەربازى عێراق بەشدارن لە هێرشەکانى سەر شارى تکریتدا، هەروەها سەرباز و فڕۆکەى ئێرانیش لە رێگەى فڕۆکە و چەکى قورسەوە پاڵپشتى هێرشەکانن.

موقەدەم فاروق محەمەد بەڕێوەبەرى ئاسایشى قەزاى خورماتووى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین دەڵێت"زانیاریمان پێگەیشتووە کە حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق لە کاتى هێرش کردندا بۆ سەر ناوچەکانى دەوروبەرى تکریت لەلایەن داعشەوە لە دوو قۆڵەوە تێکشکێنراون."

چەکدارەکانى حەشدى شەعبى کە لە چەند قۆڵێکەوە لە هێرشدان بۆ سەر شارى تکریت، رۆژى چوارشەممە ویستوویانە لە قۆڵى خورماتووشەوە بەرەو تکریت بڕۆن ، بەڵام بەهۆى تەقاندنەوەى چەند پردێک لەلایەن داعش کشاونەتەوە.

کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى ویستوویانە لە قەزاى خورماتووەوە بەرەو تکریت بڕۆن و لە پردى زەرگە بپەڕنەوە ، بەڵام داعش تەقەیان لێکردوون و هێزەکە کشاونەتەوە."

بەردەوامبوونى شەڕى قورسى نێوان حەشدى شەعبى و داعش لە تکریت ، لە کاتێکدایە داعش هێزیان لە چەند گوندێکى دەوروبەرى کەرکوک و لە سنوورى زنجیرە چیاکانى حەمرین کۆکردووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:56 0:00

XS
SM
MD
LG