Accessibility links

هه‌شت لايه‌نى سياسى داواى چه‌كداركردنى دانيشتوانى جه‌له‌ولا و سه‌عديه‌ ده‌كه‌ن


هه‌شت لايه‌نى سياسى داواى چه‌كداركردنى دانيشتوانى جه‌له‌ولا و سه‌عديه‌ ‌و پێكهێنانى لیوایه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ خه‌ڵكى ئه‌و دوو ناحیه‌یه‌ ده‌كه‌ن، بریاره‌ نوێنه‌رى ئه‌و هه‌شت لایه‌نه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانى سه‌رۆكى هه‌رێم بكه‌ن.

هه‌شت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌ كه‌ له‌نوێنه‌رانى ( یه‌كێتى ، پارتى، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئیسلامى ، یه‌كگرتووى ئیسلامى) ى تێدابوو، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى خانه‌قینى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و دواى ته‌واو بوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا داواكاریه‌كانیان خسته‌ڕوو.

ئارام تاڵه‌بانى نوێنه‌رى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و به‌شداربوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات لایه‌نه‌كان به‌پێویستیان زانیووه‌ هێزێك له‌دانیشتوانى ناحیه‌كانى جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ دروست بكرێت و ئه‌و دوو ناوحیه‌یه‌ له‌ڕووى ئه‌منیه‌وه‌ به‌و هێزه‌ بسپێردرێت، ده‌ڵێت"له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر په‌له‌كردن له‌ نارددنه‌وه‌ى ئه‌و ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا نیشته‌جێى قه‌زاى خانه‌قینن."

لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردیه‌كان وێراى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ سه‌قامگیرى ناوچه‌كانى جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ له‌رووى ئه‌منیه‌وه‌، هاوكات داواشیان له‌كه‌س و كارى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ كرد داواى یاسایى له‌سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ تۆمار بكه‌ن كه‌ده‌ستیان سوره‌ به‌خوێنى رۆڵه‌كانیان.

هێمن مه‌نسور كارگێرى مه‌ڵبه‌ندى خانه‌قینى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان، به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى راگه‌یاند"رێگر نین له‌گه‌رانه‌وه‌ى هیچ هاوڵاتیه‌كى عه‌ره‌ب بۆ جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ ، به‌ڵام له‌و عه‌ره‌بانه‌ش خۆشنابین كه‌ ده‌ستى له‌ماڵوێرانكردنى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".

داواكارى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ دروستكردنى لیوایه‌كى پێشمه‌رگه‌ له‌ دانیشتوانى ناحیه‌كانى جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ ، له‌كاتێكدایه‌ دانیشتوانى ئه‌و دوو ناحیه‌یه‌ نه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان و له‌ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

XS
SM
MD
LG