Accessibility links

خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر هێرشی سه‌ر کۆبانی له‌ شار و شارۆچکه‌کانی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت


ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەکانى پارێزگاى سلێمانى دژى هێرشى چەکدارەکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام خۆپیشاندان ئەنجامدرا ، خۆپیشاندەران داواى بەهاناچوونى کۆبانی یان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومه‌تی هەرێمى کوردستان دەکرد.

خۆپیشاندەران داوایان لە هەرێمى کوردستان دەکرد نەبێتە بەشێک لە پیلانگێریەکانى تورکیا دژى کۆبانی، داواى بەهاناوە چوونى بەپەلەیان بۆ کۆبانی دەکرد لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە.

ئارام جەمال یەکێک لە ئامادەکارانى خۆپیشاندانەکەى سلێمانى، ئاماژە بەوە دەکات لەم کاتەدا کە کۆبانی لە ژێر پیلانگێڕیەکى گەورەدایە ناکرێت خەڵکى هەرێم کوردستان بەرامبەر بەو پیلانگێڕیە بێ‌دەنگ بن.

ئارام جەمال بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"خۆپیشاندەرانى سلێمانى پشتیوانى خۆیان بۆ قارەمانانى یه‌په‌گه‌ خستەڕوو".

هەرچەندە پەرلەمانى کوردستان وەفدێکى رەوانەى کۆبانی کردووە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخى ئەو شارە ، بەڵام ئارام جەمال پێـیوایە هەڵوێستى سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم بەرامبەر کۆبانی لە ئاستى پێویستدا نەبووە.

ئارام جەمال گوتیشى" هەڵوێستى سێ سەرۆکایەتیەکە لە ئاستى پێویستدا نیـیە، بەڵام لەم قۆناغەدا گرنگ ئەوەیە هەرێم نەبێتە بەشێک لە ئەجێنداى تورکیا دژى پەیەدە".

شارى سلێمانى و قەزاى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیان دیارترین ئەو ناوچانە بوون کە ئەمڕۆ دانیشتوانەکەیان ڕژانە سەر شەقام و پشتگیرى خۆیان بۆ کۆبانی دەربڕى.

محەمەد ڕەحیم یەکێک لە ئامادەکارانى خۆپیشاندانەکەى کەلار ، ڕەخنە لە لایەنە کوردیەکان گرت بەوەى بەدەمەوە چوونیان بۆ کۆبانی لە ئاستى پێویستدا نیـیە ، دەڵێت"زامى کۆبانی بە بەیاننامە ساڕێژ نابێت، بەڵکو کۆبانى کردار و بەهاناوە چوونى دەوێت."

محەمەد رەحیم بە دەنگى ئەمه‌ریکاى ڕاگەیاند"حیزبە کوردیەکان بە تایبەت پارتى کە جومگەکانى حوکمڕانى کۆنترۆڵکردووە لەوانەیە ڕێگربێت لە بەهاناوە چوونى کۆبانی ، هەروەها هەڵوێستى حزبەکانى تریش شەرمنانەیە".

محەمەد رەحیم کەوتنى کۆبانی بە کەوتنى کوردستانى باشور و باکور وەسفکرد و بە پـێویستى زانى هەرێم بەهاناى کۆبانیـیه‌وە بچێت ، گوتى" کاتێک هەرێم ڕووبەڕووى هێرشى داعش بوویەوە کۆبانی هاتن بە هانامانەوە ، کەچى ئێستا گەورە و بچووکى خەڵکى کۆبانی داواى هاوکارى دەکەن و کەس بەهانایانەوە ناچێت".

لە ڕابردوودا حکومەتى هەرێم چەند جارێک لە ڕێگەى بەرپرسە باڵاکانیەوە وەڵامى داواکارى هاوڵاتیانى بۆ بەهاناچوونى کۆبانی داوەتەوە ، بەوەى کۆبانى لەلایەن داعش و تورکیاوە ئابڵوقە دراوە و بوار بۆ هاوکاریکردنى نیـیە.

XS
SM
MD
LG