Accessibility links

فه‌رمانده‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ش داوای یه‌کخستنی هێزه‌کانیان ده‌که‌ن


فەرماندە سەربازیـیەکانى یەکێتى و پارتى ، داواى دروستکردنى هێزێکى چەکدارى نیشتیمانى بۆ هەرێمى کوردستان دەکەن و بە پێویستى دەزانن دەستى حزب لە هێزى پێشمەرگە دوور بخرێتەوە و پـێشمەرگە بکرێتە هێزێکى نیشتیمانى.

هه‌تا ئێستا یەکێتى و پارتى و لایەنەکان هێزى چەکدارى تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەو هێزانە هەرچەندە سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەن، بەڵام فەرمان لە حزبەوە وەردەگرن .

جەمال مورتکە فەرماندەى سەربازى پارتى ، چارەنووسى هەرێمى کوردستان دەبەستێتەوە بە بەنیزامیکردنى هێزى پێشمەرگەوە، دەڵێت"دەبێت هێزێکى نیشتیمانى دور لە هه‌موو بیرویۆچوونی سیاسى دابمەزرێت".

ئه‌م فەرماندە سەربازیه‌ی پارتى کە هاوکات ئەندامى پەرلەمانى کوردستانە ، لە ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگە رازى نیـیە و بە توندیش ڕەخنە لە فەرماندە سەربازیەکان دەگرێت بەوەى وەکو کۆمپانیا مامەڵەیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا کردووە.

جەمال مورتکە بە پێویستى دەزانێت هێزە چەکدارەکان رێکبخرێنەوە، دەڵێت " لەمێژە گوتوومانە ئەم لە شکرە دە رۆژ شەرتان بۆ ناکەن بەڵام گوێیان لێنەگرتووین ، وتوومانە ئەگەر ئومێدتان بەم لەشکرە هەیە هەرێم بپاریزێت ئەوا بەم لەشکر و قائیدانە شەر ناکریت، چونکە وەکو کۆمپانیا تەعامول لەگەل لەشکر دەکەن".

هاوکات مستەفا چاوڕەش بەرپرسى مەڵبەندى پێشمەرگایەتى یەکێتى ، دەڵێت"دەمێکە خەڵک هاوار دەکات هێزى پێشمەرگە بە نیشتیمانى بکرێت، ئەم هێزە تەنها سەر بە حکومەت بێت و فەرمان لە وەزارەتى پێشمەرگەوە وەربگرێت".

مستەفا چاوڕەش بە دەنگى ئەمریکا راگەیاند" لە 2007 ەوە دەستکراوە بە یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و تەنها دوانزە لیوا یەکخراونه‌تەوە ، بەڵام هەوڵ دەدەین چى بۆ پێشمەرگە باشە ئەوە بکەین".

سەبارەت بە داواکارى فەرماندە سەربازیەکان بۆ بە نیزامیکردن و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، مستەقا چاوڕەش وتى"هەموو خەڵک هاواردەکات پێشمەرگە یەکبخرێتەوە ، دەبێت هەموومان پێشمەرگە بکەینە هێزێک سەر بە حکومەت بێت و فەرمان لە وەزارەتەوە وەربگرێت".

ئەگەر پێشتر بە نیزامیکردن و رێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە تەنها داواکارى شەقام و رۆشنبیران بووبێت، ئەوا لە ئێستادا و بەهۆى بەردەوامى شەڕى نێوان پێشمەرگە و داعش ئەو داواکاریە بووەتە داواکارى فەرماندە سەربازیەکانیش.

مستەفا چاوڕەش جەختیکردەوە"شەڕى داعش شەڕى دەوڵەتانە بەڵام لە خاکى کوردستان دا دەکرێت ، بۆیە دەبێت فەرماندە کەمتەرخەمەکان سزا بدرێن و هێزەکان دووبارە پێکبهێنرێنەوە".

پێدەچێت کشانەوەى هێزى پێشمەرگە لە هەندێک لە ناوچە جێناکۆکەکان لە بەرامبەر داعش و شکستهێنانى هەندێک لە فەرماندە سەربازیە حیزبیەکان ، هۆکارێک بێت بۆ ئەوەى رێکخستنەوە و بەنیزامیکردنى هێزى پێشمەرگە لەداهاتوودا ببێتە ئەمرى واقیع.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:30 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG