یه‌کێک له‌و پرسیاره قورسانه‌ی زۆر جار شاعیری داهێنه‌ر و ڕه‌سه‌ن دووچاری سه‌ختی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌بن، ئه‌وه‌یه که لێیان ده‌پرسرێت پێناسه‌ت هه‌یه بۆ شیعر؟
به‌ڕاستی نازانم بۆ وایه، به‌ڵام ده‌شێت په‌یوه‌ندی هه‌بێت به جیهانه ئازاده ڕه‌نگاڵه‌ییه‌که‌ی شیعر خۆیه‌وه، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ی هه‌موو پێناسه‌یه‌ک بۆی، ئه‌و جیهانه ئازاده‌ی شیعر بچوک بکاته‌وه و چوارچێوه‌یه‌کی بۆ دابنێت و دووچاری هه‌ناسه ته‌نگی بکات.
قورسیی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، ڕێگر نابێت له‌وه‌ی بپرسین کێ شاعیره؟ ئه‌وه‌ی شیعر ده‌نوسێت یان ئه‌وه‌ی به نوسینی شیعرێک شۆڕشێک له هه‌ستدا به‌رپاده‌کات و نه‌ست به ئاگا دێنێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر شیعر ئاوه‌ها ئازاده ئه‌ی که‌واته جیهانه‌کان چی به شاعیر ده‌به‌خشن، ئایا ئه‌م جیهانانه به‌پێی بیرکردنه‌وه‌کان له سروشت و له ئه‌فراندن شاعیره‌کان لێک جیا ده‌که‌نه‌وه؟
(سەردەکەمەوە بە ژێر باڵی، بارانە بۆنخۆشەکانی مناڵیدا
هەروەکو جاری جاران، خۆم بە گالیسکەی هەوردا هەڵدەواسم
چەخماخەش قامچیەکەی هەڵدەدا بۆ دواوە
ئا.. هەروەکو ئەوێ ساڵێ، دەکەومە خوارەوە
بۆ سەر شەقامە زبرەکانی بەجێمان
کەوتنە خوارەوە بۆ ناو قەریحە و ئەیقونەکانی هەقیقەت و
بەجێمان...
لە حوسنی حاڵەتە سەرحاڵەکان و
خەرمانەی خەون و خەیاڵە بێ خەریتە و خاوێنەکان)
هێنده‌ی ئه‌وه‌ی شیعری ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا ده‌خوێنمه‌وه، سه‌رنجم داوه‌ته سه‌ر کارکردنی زمان له وێنه شیعریه‌کانیدا له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌ی وه‌ک بونیادگه‌راییه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن "زمان فرمانی خۆی ده‌دات له چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی".
ئه‌نوه‌ر، له دووره‌وه ده‌ڕوانێته نیشتیمانه‌که‌ی، کاتێکیش به ئاگا دێته‌وه سه‌یر ده‌کا له‌ناو نیشتیماندایه و بۆ هه‌ناسه‌کانی ئه‌و نیشتیمانه‌ی خۆی ده‌نوسێ.
جا له هه‌ر کوێ بێت هه‌میشه منداڵیی، لای ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا ئاماده‌یی هه‌یه وه‌لێ نازانم بۆخۆی بڕوای به‌وه هه‌یه شاعیر له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نیدا گه‌وره بێت و منداڵی خۆی تێبپه‌ڕێنێت.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و ژماره‌یه‌ک پرسیاری تریش له ده‌قی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی (ژیان له فه‌رهه‌نگدا) یه: