Accessibility links

ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی تاووتوێی هه‌وڵه‌کانی ئاشـتی سوریا له‌گه‌ڵ دیپـلۆماتانی ئه‌مه‌ریکایی و ڕووسی ده‌کات

  • VOA News

هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕی ناوخۆی سوریا وا بۆ دووه‌م ڕۆژه‌ له‌سه‌ر یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ ژنێڤ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هاوکات ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی خۆی بۆ تاووتوێکردنی هه‌وڵه‌کان ئاماده‌ده‌کات له‌گه‌ڵ دیپـلۆماتانی ئه‌مه‌ریکایی و ڕووسی.
نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی بڕیاربوو ڕۆژی هه‌ینی سازبکرێت له‌ نێوان ئیبراهیمی و گینادی گه‌تیلۆڤ جێـگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و ویندی شێرمه‌ن یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ کاروباری سیاسی، بۆ ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ پـێشـخرا.
به‌ر له‌ وتووێژه‌کانی ڕۆژی چوارشه‌ممه،‌ ئیبراهیمی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جودای له‌گه‌ڵ گینادی گه‌تیلۆڤ ئه‌نجام دا.
پـێشـتر ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ڕووسیا، لێدوانێـکی گینادی گه‌تیلۆڤیان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گوتوبووی وڵاته‌که‌ی پـشـتیوانی له‌ پـرۆژه‌ بڕیارێـکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ناکات له‌ باره‌ی کۆمه‌کی مرۆیی بۆ خه‌ڵـکی سوریا، ده‌ڵێت چونکه‌ به‌ مه‌به‌سـتی ده‌سـتێوه‌ردانی له‌شـکری له‌و وڵاته‌ داڕێژراوه‌.
سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاش براک ئۆباما ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شـدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا فڕانسوا ئۆلاند گوتی جگه‌ له‌ ڕووسیا، کۆده‌نگیـیه‌کی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێو ئه‌ندامانی دیکه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پـرۆژه‌ بڕیاره‌ که‌ بۆ ئاسانکردنی گه‌یاندنی کۆمه‌کی مرۆیـیه‌.
سه‌رۆک ئۆباما گوتی " وه‌زیر کێری و که‌سانی دیکه‌ په‌یامێـکی ڕوون و ئاشـکرایان به‌ ڕووسیایـیه‌کان داوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ناتوانن بڵێن ئه‌وان له‌ باره‌ی ڕه‌وشی خه‌ڵـکی سوریاوه‌ نیگه‌رانن کاتێـک که‌سانی برسی له‌وێ هه‌ن، وه‌ ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر سوریـیه‌کان لێی به‌رپـرسیارن به‌ڵـکو ڕووسیایـیه‌کانیش ئه‌گه‌ربێت و ڕێـگه‌ له‌ ده‌رکردنی بڕیارێـکی له‌م جۆره‌ بگرن."
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌دا هاتووه‌،‌ سزای ئه‌وانه‌ ده‌درێن که‌ کۆسپ له‌ به‌رده‌می گه‌یاندنی کۆمه‌که‌کان دروسـت ده‌که‌ن.
سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی له‌ ئێسـتادا بڕوا ناکات بژاره‌ی له‌شـکری چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا بکات، به‌ڵام دۆخه‌که‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک کارده‌کات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ بۆ قه‌یرانه‌که‌.
ڕووسیا یه‌کێـکه‌ له‌و پـێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشـه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که‌ مافی ڤیتۆیان هه‌یه‌. پـێشـتر ڕووسیا و چین 3 پـرۆژه‌ بڕیاریان ڤیتۆ کرد که‌ ده‌بوونه‌ مایه‌ی گوشار بۆ سه‌ر حکومه‌تی به‌شـار ئه‌سه‌د ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بکرانایه‌.
XS
SM
MD
LG