Accessibility links

ڕاپـۆرتێـک: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا تاووتوێی لابردنی چاودێری سه‌ر هاوپه‌یمانانی ده‌کات

  • VOA News

کاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆک ئۆباما تاووتوێی ئه‌وه‌ ده‌کات ئایا فه‌رمان به‌ ئاژانسی ئاسایشی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکا بکات چاودێری سه‌ر ڕێبه‌رانی وڵاتانی هاوپه‌یمانان ڕابگرن یان نا.
خانم دایان فاینسـتاین سیناتۆری دیموکراتی کالیفۆرنیا که‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمیته‌ی کاروباری موخابه‌رات ده‌کات له‌ ئه‌نجومه‌نی سینات، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕاگه‌یاندنێـکی بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا ده‌ڵێت له‌ لایه‌ن کۆشـکی سـپـیـیه‌وه‌ ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ که‌وا "چاودێریکردنی سه‌ر هاوپه‌یمانانمان به‌رده‌وام نابێت." به‌ڵام دواتر کاربه‌ده‌سـتانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆک ئۆباما گوتیان بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ هێشـتا نه‌دراوه‌.
خانم کایتلین هه‌یدن گوته‌بێژی سه‌رۆک ئۆباما له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکا شه‌وی دووشه‌ممه‌ گوتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆک ئۆباما ژماره‌یه‌ک بڕیاری له‌م باره‌یه‌وه‌ داوه‌. به‌ڵام له‌ باره‌ی ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی خانم دایان فاینستاین هیچ لێـدوانێـکی نه‌دا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆک ئۆباما له‌م هه‌فتانه‌ی دوایی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ و گازنده‌یه‌کی زۆر بووه‌ته‌وه‌ چ له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات و له‌ ده‌ره‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و ئیدیعایانه‌ی ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریکا چاودێری په‌یوه‌ندیـیه‌کانی 35 ڕێبه‌ری جیهانی کردووه، له‌وانه‌ ته‌له‌فونی مۆبایلی ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێرکڵ.
خانم دایان فاینسـتاین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیدیعایانه‌ داوای کردووه‌ پـێـاداچوونه‌وه‌یه‌کی گشـتی به‌ هه‌موو به‌رنامه‌ موخابه‌راتیـیه‌کانی وڵاته‌که‌دا بکرێت. گوتوشیه‌تی کۆمیته‌که‌ی وه‌ک پـێویست له‌ لایه‌ن ئاژانسی ئاسایشی نیشـتیمانیـیه‌وه‌ زانیاری نه‌دراوه‌تێ.
چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت جه‌یمس کلاپه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگاکانی زانیاری ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ به‌رده‌م کۆمیته‌ی کاروباری موخابه‌راتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا پـرسیاری له‌م باره‌یه‌وه‌ لێبکرێت.
XS
SM
MD
LG