Accessibility links

پانۆراما : که‌رکوک له‌ هه‌ناوی کێشه‌کاندا

  • Balen Salih

له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌کانی عێراقدا ، له‌گه‌ڵ فراوان بوونی که‌لێنه‌کان و جیاوازیه‌کانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی وڵاته‌که‌دا، له‌گه‌ڵ ململانێی شیعه‌ و سوننه‌کانی عێراقدا، هاوکاتی ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌کیه‌کان له‌م وڵاته‌دا که‌ گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستانی ده‌ڵێن وڵاتێکی سه‌روه‌ره‌ و خاوه‌ن بڕیاری سیاسی خۆیه‌تی، سه‌رکرده‌ی هێزه‌ له‌شکرییه‌کانی وڵاته‌که‌ هێزێکی تایبه‌ت پێکده‌هێنێت به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌.
زۆرێک له‌ شیکه‌ره‌وه‌ ده‌ڵێن زۆر زووبوو بڕیار له‌ پێکهێنانی هێزێکی له‌و شێوه‌یه‌ بدرێت و ئه‌و بودجه‌ زه‌به‌لاحه‌ی بۆ ته‌رخان بکرێت، له‌ ده‌مێکدا عێراقی به‌شه‌ڕ وێرانبوو گه‌لێک پێویستی هه‌نوکه‌یی و ده‌سبه‌جێیی هه‌یه‌ تا کاری له‌سه‌ر بکرێت نه‌ک پێکهێنانی هێزێکی سه‌ربازی که‌ گومان و دڵه‌ڕاوکێی به‌ دوای خۆیدا هێناوه.

عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت، حکومه‌ته‌که‌ی نوری ئه‌لمالیکیش وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می جێبه‌جێکردن له‌ وڵاته‌که‌دا، وه‌ک چاودێر ده‌ڵێن هێنده‌ی ئه‌وه‌ی قه‌یران و ململانێکان به‌ڕێوه‌ ده‌بات و هێنده‌ی ئه‌وه‌ی به‌شوێن سه‌پاندن و جێگیرکردنی خۆیدایه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کاندا، هێنده‌ هه‌وڵێکی ڕژدی نییه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ی گرفته‌کانی وڵاته‌که‌، تا سه‌قامگیری سیاسی و ئاسایشی بێته‌ ئاراوه‌.

هه‌ر ته‌نها به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ ڕه‌وشی عێراق و تاووتوێکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه‌کان ده‌رده‌که‌وێت نه‌ پێکهێنانی هێزی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ ، نه‌ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیه‌ سیاسیه‌کان له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ، نه‌ هه‌نگاوه‌کانی پشت په‌رده‌ش هیچیان نه‌بوونه‌ته‌ و ناشبنه‌ مایه‌ی ئارامی له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان، وه‌ک دکتۆر سه‌ردار قادر ده‌ڵێت به‌ڵکو بوونه‌ته‌ مایه‌ی زۆرتربوونی مه‌ترسیه‌کان له‌و ناوچانه‌دا و مه‌ترسیه‌کانیش ڕووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌گرێته‌وه‌.
دکتۆر سه‌ردار ده‌شڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نێوه‌ندیشدا هه‌وڵ هه‌ن بۆ زیادکردنی ڕێژه‌ی شیعه‌ ئاینزا بۆ نمونه‌ له‌ پارێزگایه‌کی وه‌ک که‌رکوکدا.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ زۆرێک له‌ پسپۆڕانی یاسایی جه‌خت ده‌که‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی پێکهێنانی هێزی دیجله‌ پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌ ده‌ستوریه‌کانه‌، به‌ڵام حکومه‌تی نێوه‌ندی نه‌ک هه‌ر ئه‌و هێزه‌ی پێکهێنا، به‌ڵکو سنوری ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیشی فراون کرد و بێجگه‌ له‌ پارێزگاکانی دیاله‌ و که‌رکوک ، ئێستا پارێزگای تکریتیشی گرتۆته‌وه‌.

دکتۆر ئومێد ڕه‌فیق، پسپۆڕی سیاسی ده‌ڵێت پێکهێنانی ئه‌و هێزه‌ بۆ مه‌به‌ستی سیاسیانه‌یه‌.

خه‌ڵک له‌ ناوچه‌کانی که‌رکوک و ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌دا له‌ گومان و دڵه‌ ڕاوکێدا ده‌ژین و وه‌ک دکتۆر ئومێد به‌ به‌رنامه‌ی پانۆرامای گوت پێویسته‌ کاربه‌ده‌ستانی شاره‌که‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد هه‌وڵی ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ دڵه‌ ڕاوکێی و نیگه‌رانیانه‌ بده‌ن له‌ناو خه‌ڵکدا.

زۆرێک هه‌ن گله‌یی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن که‌ له‌پاش پرۆسه‌ی ڕزگارکردنی عێراقه‌وه‌ و چوونیان بۆ ناو ئه‌و ناوچه‌ دابڕێندراونه‌ به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش و تۆکمه‌ی نه‌بوو بۆ سه‌ر و سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ دۆسێکانی تایبه‌تن به‌و ناوچانه‌.
ڕۆژنامه‌وان خدر دوملی هاوڕایه‌.

ڕۆژنامه‌وان خدر دوملی ده‌شڵێت هێشتاش دره‌نگ نییه‌ و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌ عێراقدا ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ تا هه‌نگاوی خۆی بنێت.

پانۆراما ده‌چێته‌ په‌رله‌مانی عێراق تا بزانێت له‌وێ لایه‌نه‌کان به‌ کوردیشه‌وه‌ چه‌ندێک ڕژدن له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌ قوڵ و درێژخایه‌نه‌ی نێوان پێکهاته‌کانی عێراق، له‌وێش دکتۆر سیروان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی باسمان له‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کان بۆ ده‌کات.

دکتۆر سیروان ده‌شڵێت به‌شێک له‌ گازه‌نده‌کان له‌م دۆسێیه‌دا به‌رۆکی لایه‌نه‌ کوردیه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی کوردیش له‌ به‌غدا.

یه‌کێک له‌و پرسیاره‌ گرنگانه‌ی ده‌کرێت و تا ئێستا وه‌ڵامی نه‌دراوه‌ته‌وه‌، ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی ده‌توانێت ناکۆکیه‌ لاوه‌کیه‌کانی ناو خۆی وه‌لاوه‌ بنێت و له‌ پاش نۆ ساڵ له‌ ئازادکردنی عێراق بتوانێت ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ی ئاینده‌ی ئه‌و ناوچه‌ دابڕێندراونه‌ دیاربکات.

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی به‌رنامه‌که‌دایه‌:
XS
SM
MD
LG