بڕیارە دوو کاربەدەستی باڵای ئەمەریکا بە ئاشکرایی بە کۆنگرێس بڵێن ئایە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوو فەرمانی تۆمارکردنی پەیوەندییە تەلەفونییەکانی سەرۆک ترامپی لە تاوارەکەی لە نیویۆرک کردبوو یان نا.
هەریەک لە جەیمس کۆمی بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI و ئەدمیراڵ مایکڵ ڕۆجەرز سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەردەم کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێس شایەتی خۆیان دەدەن و پێدەچێت ئەوان زانیاریان هەبێت ئەو کارە کرابێت یان نا.
ماوەی دوو هەفتەیە سەرۆک ترامپ ڕەتیدەکاتەوە لەو قسانەی پاشگەزببێتەوە کە دەڵێت باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو فەرمانی کردبوو گوێ لە تەلەفۆنەکانی بگیرێت، هەرچەندە کاربەدەستان جەخت دەکەنەوە هیچ بەڵگەیەک نیـیە پشتیوانی لەو قسانەی سەرۆک ترامپ بکەن، لەوانە پۆڵ ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها گەورە یاسادانەرانی کۆماری و دیموکرات لە هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەران.
ڕۆژی یەکشەممە دەیڤن نونەس ئەندامی کۆماری و سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت ئەو زانیارییە نوێیانەی وەزارەتی داد ڕۆژی هەینی بۆ یاسادانەرانی ڕەوانەکرد سەبارەت بەم پرسە هیچ لە بۆچوون و تێڕوانینەکانی پێشووی نەگۆڕیوە.
هێشتا هیچ کام لە جەیمس کۆمی و ئەدمیراڵ مایکڵ ڕۆجەرز سەبارەت بەم ئیدیعانەی سەرۆک ترامپ قسەیان نەکردووە.
سەرچاوە/ VOA