نوێنەری ئەمەریکا سەردانی ئیسیوپیا دەکات

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتمان گەشت دەکات بۆ ئیسیوپیا و سەردانەکەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت. ئاماژەشی بەوەدا سەردانەکە بەهۆی نیگەرانیەکان لە زیادبوونی گرژییەکان لە باکووری هەرێمی تیگرایەوە سەرچاوەی گرتووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئادیس ئابابا لە ماوەی ڕابردوودا وتی " لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕەوشی ئاسایشی ئیسیوپیا بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان و خۆپیشاندانە مەدەنیەکان لە ئامهارا و ئافار و تیگرایەوە."

ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فیدڕاڵی ئیسیوپیا باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاند.

ڕۆژی سێشەممە فێڵتمان لە واشنتن وتی زیاتر لە 900,000 هاوڵاتی لە تیگرای ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، لەکاتێکدا لە سەدا 90 ی دانیشتوانەکەی پێویستیان بە یارمەتیە.

وتی " گەورەترین بەربەست لە گەیاندنی خواردن و دەرمان و یارمەتیە پێویستەکانی دیکە حکومەتی فیدڕاڵە "،کە مانگی ڕابردوو حەوت کارمەندی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤی لە وڵاتەکە دەرکرد.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەت و بەرەی ئازادی گەلی تیگرای تەنها ڕەوشی وڵاتەکە خراپتر دەکات، وتی " شەڕی ناوخۆ لە ئیسیوپیا وێرانکەر دەبێت بۆ داهاتووی وڵاتەکە و خەڵکەکەی، داوا لە حکومەتی ئیسیوپیا و بەرەی ئازادی گەلی تیگرای و لایەنەکانی دیکە دەکەین دەرفەتێک بدەن بە ئاشتی."

فێڵتمان ڕەتیشی کردەوە ئەمەریکا زیاتر پشتیوانی لە بەرەی ئازادی گەلی تیگرای بکات و وتی " ئەمە ڕاست نیە." وتیشی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بەردەوام سەرکۆنەی فراوانکردنی جەنگی کردووە لەلایەن هێزەکانی تیگرایەوە، بەتایبەتی ئەو هەواڵانەی کە گوایە هێزەکانی تیگرای بەرەو ئادیس ئابابا دەجوڵێن.

وتی " بەڕوونی پێتان دەڵێم، دژایەتی هەر جوڵەیەکی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەکەین بەرەو ئادیس یاخود هەر هەوڵێکی بەرەکە بۆ گەمارۆدانی ئادیس. ئەمە پەیامی ئێمەیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا