سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هۆشداریدایە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و وتی ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ڕۆژئاوا وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دەبێت، هەروەها پێگەی ڕووسیا لە جیهاندا لەناودەبات.
لە نوێترین هەوڵەکاندا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کرد، ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی لە هەر ساتێکدا بێت ڕووسیا ئۆکرانیا داگیردەکات.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن وتی پەیوەندییە تەلەفونییەکە پیشەیی و مانادار بووە، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا هیچ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی ڕووینەداوە.
زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و چالاکییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە بێلاڕووس و دەریای ڕەش، ڕۆژئاوای نیگەران کردووە سەبارەت بە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەو جۆرەی هەبێت.
کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا بە پوتنی وتووە ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ڕێگەی دیبلۆماتی و " سیناریۆکانی دیکەش."
وتیشی " سەرۆک بایدن بەڕوون و ئاشکرا وتوویەتی ئەگەر ڕووسیا دوژمنکاری زیاتر بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات، ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەنەوە و سزایەکی توند و خێرا دەسەپێنن بەسەر ڕووسیادا."
بەرپرسە باڵاکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا وتی دوو سەرۆکەکە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە و باسیان لە سەرجەم ئەو بابەتانە کردووە کە ئەمەریکا بە ئاشکرا باسیان لێوە دەکات. بەرپرسەکە وتیشی هێشتا ڕوون نیە کە ئایا پوتن دەیەوێت لەسەر ڕێگەی دیبلۆماتی بمێنێتەوە یاخود نا.
جێی ئاماژەیە بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەستیکردووە بە گواستنەوەی کارمەندەکانی، ئاماژەشی بەوەدا لە ڕۆژی یەکشەممەوە خزمەتگوزارییەکانی ڕاوێژپێدان لە باڵیۆزخانەکە ڕادەگیرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد گەشت بۆ ئۆکرانیا نەکەن و داواشی کرد ئەو ئەمەریکیانەی کە ئێستا لە ئۆکرانیان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی هەڕەشەکانی کردەوەی سەربازیی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز
سەرۆک بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هۆشداری دەداتە پوتن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن