وەزارەتی بەرگری تورکیا و سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن تورکیا هێرشی ئاسمانی نوێی کردووەتە سەر پێگەی هێزە کوردییەکانی دژ بە تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا کە لەم مانگەدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ئۆپەراسیۆنەکان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق بەرەو کۆتایی دەچن، سەرچاوەیەکی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانی عێراق وتی بۆردومانەکەی ئەمجارە " چڕ " بووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی " هێرشی ئاسمانی دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان ناوچەکانی گارا و قەندیل و ئاسۆس ئەنجام دراون."
کامەران عوسمان کە ئەندامە لە کۆمەڵگەی تیمەکانی دروستکەرانی ئاشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وتی هێرشەکان نزیکەی 45 خولەکییان خایاند و هیچ زیانێکی گیانی مەدەنییان لێنەکەوتووەتەوە.
کۆمەڵگەی تیمەکانی دروستکەرانی ئاشتی وتی لە 15 ی مانگی شەشەوە زیاتر لە 230 هێرشی ئاسمانی تورکیای تۆمار کردووە، هەندێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگە کشتووکاڵییەکاندا و زیانی بە هاووڵاتییانی مەدەنی گەیاندووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/ فرانس پرێس