وەزیری دەرەوەی سوریا کە بڕیار بوو رۆژی شەممە سەردانی عێراق بکات، گشتەکەی دوا دەکەوێت و وەزارەتی دەرەوی عێراقیش سەبارەت بە هۆکاری ئەم دواکەوتنە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە.
پێشتر دەزگای هەواڵی سانای سوریا رۆژی هەینی بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد حەسەن شەیبانی بانگهێشتێکی بە دەست گەیشتووە بۆ سەردانکردنی عێراق، بەڵام کاتەکەی دوای ڕاوێژکردن لەسەر ئەجێندای سەردانەکە دیاری دەکرێت.
رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی عێراقی ڕاگەیاندبوو کە سەردانەکەی شەیبانی ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو دەبێت کە تێیدا بڕیارە پرسەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە تاوتوێ بکرێن، ئەمەش لە پێناو کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دوو لایەنییەکەی نێوان دوو وڵاتەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە دواکەوتنی گەشتەکە ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆخی سەردانی داهاتووی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغدای ڕوونکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هێشتا وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەشتەکە دیارینەکراوە و ڕاوێژکارییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن بۆ ئەوەی ئامانجە خوازراوەکان بەدیبهێنرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەسعەد شەیبانی پێشتر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێگەیشتبوو.
بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەم سەردانە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند دوای تەواوبوونی هەموو هەماهەنگییەکی پێویست و هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات، وادەی تەواوی سەردانەکە دیاری دەکرێت.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم دواکەوتنە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە نییە، بەڵکو بەشێکە لە مەرجەکانی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستی باڵا.
سەرچاوە/ بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێک لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغدا بڵاو دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد حەسەن ئەلشیبانی