وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر داوای کرد سزای قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران درێژبکرێتەوە، هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی کۆتایی هاتنی قەدەغەکردنەکە ڕێگە بە تاران دەدات بریکارەکانی زیاتر پڕچەک بکات و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.
وابڕیارە لە مانگی 10 ی ئەم ساڵدا ماوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران بەسەربچێت، ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.
وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک لە ڕیاز وتی " سەرەڕای گەمارۆی چەک لەسەر ئێران، تاران هەوڵدەدات چەک بدات بە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، کەواتە ئەگەر سزاکە لاببرێت چی ڕوودەدات؟ ئێران خراپتر و توندڕەوتر دەبێت."
جوبەیر ئەوەشی خستەڕوو ڕۆژی یەکشەممە بارێکی چەکی ئێرانی دەستی بەسەرداگیراوە کە لەڕێگەیدا بووە بۆ حوثییەکانی یەمەن.
جوبەیر وتی " داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران درێژ بکاتەوە تاوەکو نەتوانێت چەک هەناردە بکات و هەروەها کۆتوبەند بخاتە سەر تواناکانی ئێران بۆ فرۆشتنی چەک بە جیهان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز