دادگایەکی ڕووسیا دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی بە دەستبەسەرکراویی دەمێنێتەوە

ئیڤان گیرشکۆڤیچ

ڕۆژی سێشەممە دادگایەکی ڕووسیا وتی ڕۆژنامەنووسانی ئەمەریکایی ئیڤان گیرشکۆڤیچ تاوەکو 30 ی مانگی سێ و دادگاییکردنەکەی بە دەستبەسەرکراویی دەمێنێتەوە.

پێشتر دادگاکە بڕیارێکی ڕەت کردەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی تۆمەتی سیخوڕی بووەتەوە.

گیرشکۆڤیچ و ڕۆژنامەکە تۆمەتەکەیان ڕەت کردووەتەوە. ڕووسیاش هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەتە نەخستووەتە ڕوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە گیرشکۆڤیچ بە شێوەیەکی هەڵە دەستبەسەرکراوە.

گیرشکۆڤیچی تەمەن 32 ساڵ لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا لە گەشتێکی کاری ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری یەکاتیرینبێرگی ڕووسیا دەستگیرکرا.

ڕۆژی سێشەممە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا بڵاوییان کردەوە بەرپرسانی یەکاتیرینبێرگ ژنێکییان دەستگیرکردووە کە ناسنامەی ئەمەریکایی و ڕووسیاییشی هەیە، بە تۆمەتی دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا لە زاری دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە " دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ لە یەکاتیرینبێرگ چالاکییە نایاساییەکانی دانیشتووەیەکی تەمەن 33 ساڵی لۆس ئانجلسی سەرکوت کردووە، کە ناسنامەی ڕووسیا و ئەمەریکاشی هەیە."

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بە دەنگی ئەمەریکای وت ئاگاداری ئەو هەواڵانەیە، بەڵام ڕەتی کردەوە لێدوانی زیاتر لەسەر دۆخەکە بدات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا