بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەکەی پاریس دەکەن

FILE - A Ukrainian serviceman patrols a street near the frontline with Russia-backed separatists in Verkhnotoretske village in Yasynuvata district, Donetsk region, eastern Ukraine, Jan. 22, 2022.

بەرپرسانی هەریەک لە وڵاتانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە پاریس کۆدەبنەوە و تاوتوێی گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەوجۆرەی هەبێت و کۆمەڵێک داواکاری ئەمنی ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کردووە و تیایدا داوا دەکات هاوپەیمانێتی ناتۆ چیتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت.

وتەبێژی کرێملن دیمتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیوادارە " گفتوگۆکانی پاریس گفتوگۆیەکی باش و کراوە بن و ئەنجامێکی باشیان لێبکەوێتەوە."

کۆبوونەوەکەی پاریس دوابەدوای کۆمەڵێک گفتوگۆی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا دێت، کە هیچ ئەنجامێکی بەرچاو و یەکلاکەرەوەیان نەبووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا.

ڕووسیا چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکانی دەکات، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت ڕووسیا " ڕێوشوێنی پێویستی تۆڵەسەندنەوە " دەگرێتەبەر ئەگەر ڕۆژئاوا بەردەوام بێت لە " ئاڕاستە دوژمنکارییەکەی ".

گفتوگۆکانی چوار وڵاتەکە لەکاتێکدایە ڕووسیا دەڵێت هێز و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی بێلاڕوس دەکات، هاوکات ڕووسیا و بێلاڕوس ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لە مانگی داهاتوودا.

پێسکۆڤ وتی سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا دەرەنجامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. وتی " لەڕووی سیاسییەوە زیانی نیە، بەڵکو وێرانکەرە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا