شارەزایان دەڵێن دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە فەلەستینییەکان ( ئونروا ) و دادگای دادی نێودەوڵەتی و سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە نێو ئەوانەدان کە دەکرێت خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەم ساڵ وەربگرن.
بەپێی ئەو لیستەی پێشوو، کۆمیتەی نەرویجی نۆبڵ لە توانایدا هەیە لە 11 ی مانگی 10 دا سوپڕایزێکی تەواو دروست بکات، دەشتوانێت خەڵاتەکە هەر نەدات.
دەڵاڵەکانی گرەوکردن پێیان وایە ئالێکسی ناڤاڵنی ڕووسیایی خوزراوترە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەم ساڵی نۆبڵی ئاشتی، بەڵام ئەوە ڕێی تێناچێت چونکە ناڤاڵنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا لە مانگی دوودا لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا و ناتوانێت خەڵاتەکە وەربگرێت.
یەکێک لە خوازراوەکانی دیکە لەلایەن دەڵاڵەکانی گرەوکردنەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکییە، بەڵام پێناچێت ئەوە ڕووبدات چونکە زێلێنسکی سەرکردەی وڵاتێکە کە لە جەنگدایە.
بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی ئەوەی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە ئێستادا پەرە دەسەنێت و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش بەرەو سێیەم ساڵی دەچێت و هەروەها لە سودانیش خوێنڕشتنەکە بەردەوامە، کۆمیتەی نۆبڵ ڕەنگە سەنگ بخاتە سەر کارەکتەرە مرۆییەکان، ئەوانەی کە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی ناڵاندنی هاووڵاتیانی سڤیل.
بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی ئۆسلۆ هێنریک ئورداڵ بە ڕۆیتەرزی وت " ئونروا دەکرێت یەکێک بێت لە کاندیدەکان. ئەوان کارێکی زۆر گرنگ دەکەن بۆ ئەو فەلەستینییە سڤیلانەی کە ڕووبەڕووی ئازار و ناڵاندن بوونەتەوە لە جەنگەکەی ناو غەززەدا."
وتی بەخشینی ئەو خەڵاتە بە ئونروا مشتومڕ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە کە ئیسڕائیل ئاڕاستەی دەزگاکەی کردووە و دەڵێت هەندێک لە کارمەندەکانی ئونروا بەشدار بوون لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماسدا لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل.
بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە لەو کاتەدا هەندێک لە وڵاتان هاریکارییە داراییەکانییان بۆ ئونروا بڕی. زۆربەی بەخشینەکان لەو کاتەوە دەستییان پێکردووەتەوە. لە مانگی هەشتدا لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نۆ کارمەندی دەزگاکە ڕەنگە بەشدار بووبێتن لە هێرشەکەدا و دەرکراون.
ئونروا دەڵێت ئیسڕائیل هەوڵ دەدات دەزگاکە هەڵبوەشێنێتەوە. دەزگاکە کە لە ساڵی 1949 دا لە دوای ئەو جەنگەوە دروست بوو کە بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل، یارمەتی مرۆیی بۆ ملیۆنان هاووڵاتی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و ئوردن و سوریا و لوبنان دابین دەکات.
مێژووناسی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئاسلی سڤین دەڵێت کۆمیتەی نەرویجی نۆبڵ کە لەلایەن پەرلەمانی نەرویجەوە دەستنیشان کراوە، ڕەنگە بیەوێت خەڵاتەکە بدات بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و دادگای دادی نێودەوڵەتی.
وتی " گۆتیرێش سیمبولی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەرکی سەرەکی دادگای دادی نێودەوڵەتیش دڵنیابوونەوەیە لەوەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکرێت."
دادگای دادی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کردووە لە ئۆکرانیا و داوای لە ئیسڕائیل کردووە دڵنیا ببێتەوە لەوەی کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام نەدات.
بەڵام کۆمیتەکە دەتوانێت بڕیار بدات کە هیچ کەس و لایەنێک خەڵاتەکە وەرنەگرن، ئەوەش شتێکە کە 19 جار ڕوویداوە، دوایین جار لە ساڵی 1972 دا بوو.
دان سمیثی سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بە ڕۆیتەرزی وت " ڕەنگە ئەم ساڵە ئەو ساڵە بێت کە کۆمیتەی نۆبڵی ئاشتی خەڵاتەکەی نەدات و سەنگ بخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ئەمە هەسارەیەکی شەڕکردنە."
ساڵی ڕابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرا بە نێرگز محەمەدی، کە ژنێکی ئێرانی زیندانیکراوە و داکۆکی لە مافی ژنان دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز