200 بارهەڵگری یارمەتییەکان چوونە ناو غەززە

ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ئامادەکاری کرد بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی نزیکەی 200 بارهەڵگری یارمەتییەکان لە ڕێی خاڵی سنووری کەریم شاڵۆمەوە بۆ ناو غەززە، خاڵە سنوورییەکە دەکەوێتە قەراغی باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە خاڵی سەرەکی سنووری ڕەفەح ماوەی چەندین هەفتەیە داخراوە.

باری یارمەتییەکان دوابەدوای ڕێککەوتنێکی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح سیسی هات بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی کاتی لەو خاڵە سنوورییەوە.

خالید زاید بەرپرسی ڕێکخراوی مانگی سووری میسڕ، بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە 200 بارهەڵگری یارمەتییەکان بە چوار بارهەڵگری سوتەمەنیشەوە ڕۆژی یەکشەممە لە خاڵی سنووری کەریم شاڵۆمەوە ڕۆیشتوونەتە ناو غەززەوە.

کەناڵی هەواڵی ئەلقاهیرەی سەر بە دەوڵەتی میسڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و وتی بارهەڵگرەکانن بە خاڵی کەریم شاڵۆمدا دەچنە ناو غەززەوە، ئەو خاڵە سنوورییەش پێش جەنگەکەی ئێستای ناو غەززە خاڵی سنووری سەرەکی بازرگانییەکانی نێوان میسڕ و ئیسڕائیل و غەززە بووە.

فشارەکانی سەر ئیسڕائیل زیاتر بوون بۆ ڕێگەدان بە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ ناو غەززە کە زیاتر لە حەوت مانگە شەڕ بووەتە هۆی کاولکارییەکی بەرفراوان و برسێتی لەو کەرتەدا.

خاڵی سنووری ڕەفەح کە لە ماوەی جەنگەکەدا خاڵی سەرەکی هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان بوو بۆ ناو غەززە، ماوەی سێ هەفتەیە داخراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل دەستی بەسەر خاڵە سنوورییەکەدا گرت لە دیوی فەلەستینییەکانەوە لە کاتێکدا کە لە 6 ی مانگی پێنجدا هێرشە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز