کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات ڕۆژنامەنووسی سوریایی سلێمان ئەحمەد ئازاد بکەن، دوای ئەوەی دادگایەکی تاوان لە دهۆک سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی سیخوڕیکردن.
ڕێکخەری پڕۆگرامی مینای کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان یەگانە ڕەزایان وتی " کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان نیگەرانە سەبارەت بە سزادانی ڕۆژنامەنووسی سوریایی سلێمان ئەحمەد، کە ماوەی نۆ مانگە دەستبەسەرە. داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین بەبێ هیچ دواکەوتنێکی دیکە ئازادی بکەن و چیتر سزای ڕۆژنامەنووسان نەدەن لەسەر کارەکانییان."
پارێزەری سلێمان ئەحمەد، ڕەمەزان ئەرتیسی بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ وت بەرپرسان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان سزای ئەحمەدییان داوە، تەرتیسی و لوقمان ئەحمەد کە ئەندامێکی دیکەی تیمە یاساییەکەی سلێمان ئەحمەدە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژنامەنووسەکەوە نیە، بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیان وت ڕۆژنامەنووسەکە تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و پلانی هەیە داوای پێداچوونەوە بکات بە سزاکەیدا.
سلێمان ئەحمەد نوسەرێکی عەرەبییە بۆ ماڵپەڕی هەواڵی ڕۆژنیوز کە بنکەکەی لە سلێمانیە. ڕۆژنیوز لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستانە و ڕاپۆرت لەسەر پارتەکە بڵاودەکاتەوە.
لوقمان ئەحمەد وتی " تۆمەتەکان تەنها ئامڕازێکن بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنووسەکە." وتی دادگا هیچ بەڵگەیەکی نەبووە لەسەر تۆمەتەکە و پڕۆسە یاساییەکە " زۆر ناداپەروەرانە " بووە. وتیشی پارێزەرەکان تەنها دوای فشارەکانی نێردەی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و کونسوڵخانە بیانییەکان ڕێگەیان پێدراوە ئامادەی دادگاییکردنەکەی بن.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە 25 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا سلێمان ئەحمەدییان دەستگیرکرد، کاتێک جارێکی دیکە دوای سەردانیکردنی خێزانەکەی لە سوریا گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئاسایشی پارێزگای دهۆک تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی " کاری نهێنی و نایاسایی " بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت پەیوەندی بە بەڕێوبەری ئاسایشی دهۆک زێرەڤان بارۆشکییەوە کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکی دەستنەکەوتووە.