سەرۆک بایدن پێی وایە ' بەمزووانە ' گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا ڕوودەدات

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت وڵاتانی گروپی حەوت ڕێککەوتوون لەسەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرامبەر چین و تیایدا داوای هەمەچەشنەکردنی زنجیرەی دابینکردنی پێویستییەکان دەکات، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەی پشت بەستن بە تەنها یەک وڵات، هەروەها ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە بەمزووانە لەگەڵ سەرۆکی چیندا قسە بکات.

سەرۆک بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوە سێ ڕۆژییەکەی لەگەڵ ڕابەرانی گروپی حەوتدا وتی " هەوڵی جیابوونەوە نادەین لەگەڵ چیندا، هەوڵی ئەوە دەدەین مەترسییەکان لاببەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چیندا هەمەچەشنە بکەین." وتیشی وڵاتانی گروپی حەوت زیاد لە هەموو کات لە ئێستادا یەکگرتووترن لە ڕووی " بەرەنگاربوونەوەی زۆرەملێی ئابووری پێکەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارە زیانبەخشانەی کە زیان بە کرێکارەکانمان دەگەیەنن."

ڕۆژی شەممە ڕابەرانی وڵاتانی گروپی حەوت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند هەوڵی " لابردنی مەترسییەکان دەدەن نەوەکو جیاکردنەوەی " پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ چیندا، ئەوەش وایکرد باڵیۆزخانەی چین لە ژاپۆن داوا لە گروپی حەوت بکات دروستکردنی ڕووبەڕووبوونەوە و دابەشبوون ڕابگرێت.

سەرەڕای کاردانەوەکەی چین، بایدن وتی پێشبینی دەکات ئەو بەستنەی کە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا هەن " زۆر بە زوویی " بتوێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا ئەمەریکا باڵۆنێکی چینی لە ئاسمانی ئەمەریکادا خستە خوارەوە کە بەسەر شوێنە سەربازییە هەستیارەکانی وڵاتەکەدا دەفڕی.

بایدن وتی " دەبێت هێڵێکی گەرم بکەینەوە." وتیشی لە ماوەی کۆبوونەوەکەی گروپی بیستدا لە بالی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا ڕێککەوتوون لەسەر هێشتنەوە پەیوەندییەکان بە کراوەیی، بەڵام " دوای ئەم باڵۆنە کە هێندەی دوو ئوتومبێلی بارکردن کەرەستەی سیخوڕی هەڵگرتبوو " هەمووشتەکان گۆڕان.

بایدن ئاماژەی بەوەدا بەمزووانە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا ڕوودەدات.

وتیشی " لە ڕووی قسەکردنەوە لەگەڵیاندا، پێم وایە بەمزووانە توانەوەی بەستنەکە دەبینن."

سەبارەت بە پرسی گرژییەکانی نێوان چین و تایوان، بایدن وتی تێگەیشتنێکی ڕوون هەیە لە نێو زۆربەی وڵاتانی هاوپەیماناندا کە ئەگەر چین بە شێوەیەکی تاکلایەنانە دژی تایوانی دیموکراتخواز جووڵە بکات، ئەوا وەڵامێک دەبێت.

وتی " ئێمە بە چین ناڵێین دەتوانن چی بکەن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا تایوان دەخەینە دۆخێکەوە کە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز