دەزگای هەواڵی بێلتا ئاماژەی بەوەدا ڕابەری بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ ڕۆژی دووشەممە وتوویەتی هیچ هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی ئەنجام نادرێتەوە، ئەمەش سەرەڕای خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتەکەی و داواکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.
لۆکاشینکۆ وتی " هەرگیز پێشبینی ئەوە مەکەن لەژێر فشاردا شتێک بکەم. هەڵبژاردنی نوێ ڕوونادات."
جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە لە مینسکی پایتەختی وڵاتەکە هاوڵاتیانی بێلاڕوس ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد لوکاشینکۆ دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە، ئەمەش تاوەکو ئێستا گەورەترین خۆپیشاندانە دژی حکومەتی ئەو وڵاتە دوای ئەوەی لوکاشینکۆ دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خۆپیشاندەران و ئۆپۆزسیۆن دەڵێن هەڵبژاردنەکان ساختەکارییان تێدا کراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز